راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
ئەمڕۆ ٩ی حوزیرانی ٢٠٢٤، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەهەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا، کە لیوا روکن محمد سعید بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەیبوو، تاوتوێی پڕۆژە و پلانی نوێی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا، هاوکات گفتوگۆ دەربارەی ئامادەکارییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و خستنەڕووی پلانی نوێی هاوکاری و هاوئاهەنگیەکانی تیمی ڕاوێژکارانی ئەو وڵاتە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرا.
سەرۆکی ئەرکان، لەگەڵ دەربڕینی سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ پشتگیری هاوپەیمانان و تیمی سەربازی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، دووپاتیکردەوە: گرنگی دانی زیاتر بە بوارە جیاوازەکان بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی چاکسازی، کاری لەپێشینەی وەزارەتی پێشمەرگەیە و بەردەوامیش دەبێت لەم ئەرکە پیرۆزەدا، بۆ ئەمەش چاوەڕوانی زیاترمان لە هاوکاری و هەماهەنگیەکانی دۆستانمان لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی هەیە.