وەزارەتی تەندروستی چەند بڕیارێكی دەرکرد

لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردەوە، كە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز 18 بڕیاری بۆ بەرێوەبەرایەتی و فەرمانگە تەندروستییەكان دەركراوە.

ئەمەش دەقی بڕیارەكانە:

1- دانانی لێژنەی بەدواداچوون لە سەرجەم بەرێوەبەرایەتی گشتی و نەخۆشخانەکان.

2- بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندی هەبێت.

3- لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.

4- پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.

5- هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنها لە ڕێگای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیەکان دەبێت.

6 ئاماری ڕۆژانە دەبێت لە ماوەی (٢٤) کاتژمێر لە ڕێگای پەیوەندی مۆبایلەوە لە (٨)ی بەیانی تاکوو (٨) بەیانی رۆژی دوایی رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.

7- ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.

8- ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.

9- بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.

10- هێلەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت وەڵام بدرێتەوە.

11- نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکەن.

12- سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

13- سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

14- تیمەکانی فریاگوزاری و هێلی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی (٢٤) کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.

15- تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.

16- تیمەکانی تەندروستی بەهەماهەنگی تیمەکانی ڤیتەنەری چاودێری شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵ بکەن و چاودێری مەرجە تەندروستیەکان بکەن.

17- پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.

18- تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیاریەکان دابنریت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ باری لەناکاوە

ھەواڵی زیاتر