وەزارەتی دارایی: ناوی 13,120 خاوەن پێداویستی تایبەتی نوێ ڕەوانەی بەغدا کرا

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لیستی ناوی 13,120 خاوەن پێداویستی تایبەت ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کرا تاوەکوو بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان بکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: دوای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانیان، بە ئیمزای ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لیستی ناوی 13,120 خاوەن پێداویستی تایبەتی نوێ ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کرا تاوەکوو بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان بکرێت.

ڕۆژی (13ـی ئایاری 2024) کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: “داوامان لە سەرۆکی حکوومەت کردبوو، داوای تەرخانیی دارایی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکەین بۆ تۆماری نوێی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە خۆشحاڵییەوە جەنابیان ڕەزامەندی دا و نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کرد ڕێکارەکان جێبەجێ بکەن بۆ ناردنی تۆمار و تەرخانی دارایی خاوەن پێداویستییەکان”.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: “وەک وەزارەتی کار هەموو زانیاری و تۆماری ناوەکانیان لەگەڵ نووسراوی سەرۆکی حکوومەت ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە، بۆ ئەوەی ئەوان ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکەن”.

بە گوتەی کوێستان محەممەد: “تۆماری نوێی خاوەن پێداویستی تایبەت زیاتر لە 13 هەزار کەس لە خۆ دەگرێت، داوا دەکرێت تەرخانی داراییان بۆ بکرێت و بخرێتە سەر ئەو لیستەی کە ئێستا زیاتر لە 75 هەزار کەسە”.

ھەواڵی زیاتر