ئەمڕۆ ٣٩ ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوەدا تێدەپەڕێت

چواس خالید – هەولێر

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سی و نۆ ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوەدا تێدەپەڕێت، کە لە ٩-٦-١٩٨٥ لە کاتێکدا خەڵک سەرقاڵی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بوون، ھەشت فڕۆکەی جەنگی ڕژێمی بەعس ئۆردوگاکەیان بۆردومان کرد، ئەوەش بووە ھۆی شەھیدبوونی سەد و پەنجا ھاووڵاتیی و برینداربوونی سێ سەد و حەفتا و پێنج کەسی تر، کەسوکاری شەھید و بریندارەکانی ئۆردوگاکە گلەییان ھەیە و داوا دەکەن حکوومەتی عێراق قەرەبوویان بکاتەوە.

سەرجەم قوربانییانی بۆردومانەکە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بوون، بەھۆی ڕازینەبوون بە دەستەڵاتی ئەوسای حکوومەتی عێراق ئاوارەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ببوون، ڕژێمی بەعس لەو ھێرشە ئاسمانییەدا بۆمبی قەدەغەکراوی ناپاڵمی بەکارھێنا.
دوای بۆردومانەکە کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو و سەرۆک بارزانی لە شوێنی بۆردومانەکە ئامادەبوون و ھاوکاریی کەسوکاری شەھیدانیان کرد و لە نەخۆشخانە بریندارەکانیان بەسەرکردەوە.
کۆچەر غەفوور، کە ئەو کات تەمەنی تەنیا ١٥ ساڵ بوو، وێڕای برینداربوونی خۆی و خوشکێکی، دایک و دوو برا و خوشکێکی دیکەی لە بۆردومانەکەدا شەھیدبوون، تاوەکو ئێستا بەدەست ئازاری برینەکەیەوە دەناڵێنێت، دەڵێت: ١٩ی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بوو، قوتابییان بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان ڕوویان لە قوتابخانەکان کرد بوو، ھەر ھەندەمان بینی ئۆردوگاکە بەسەر یەکدا ڕووخا، ئۆردوگاکە بۆ ماوەی پازدە خوولەک لەلایەن ھەشت فڕۆکەی‮ ‬جەنگی‮ ‬ڕژێم بۆردومان کرا، دوای‮ ‬بۆردومانەکە بەدوای‮ ‬کەسوکارم گەڕام بۆ ھەر شوێنێک دەچووی، کەسێک شەھید ببوو و نالەنالی بریندارەکان بوو، ‬بە ڕاستی‮ ‬شین و گریان بوو،‮ ‬تەرمی‮ ‬شەھید و بریندارەکان ھەموو تێکەڵ بە ‬یەکتر ببوو.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
کۆچەر، گوتیشی: ‮خەڵکی‮ ‬گوندەکانی‮ ‬دەوروبەری زێوە‮ ‬ھەڵوێستێکی جوانیان نواند بەرامبەر ئێمە و زۆر ھاوکاری‮ ‬ئێمەیان کرد،‮ ‬چ لە کاتی‮ ‬ڕەوانەکردنی‮ ‬بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە چ لە کاتی‮ ‬بە خاک سپاردنی‮ ‬شەھیدەکان‮، لەو کاتەدا کاکە ئیدریسی‮ ‬ھەمیشە زیندوو و‮ ‬سەرۆک بارزانی‮ ‬لە شوێنی‮ ‬بۆردومانەکە ئامادەبوون و ھاوکاریی‮ ‬کەسوکاری‮ ‬شەھیدانیان کرد و‮ ‬بریندارەکانیان لە نەخۆشخانە بەسەرکردەوە،‮ ‬باوکم بە ‮‬سەرۆک بارزانی ‬گوت‮، خێزان و ‬سێ منداڵم شەھید بوونە، ئەگەر خۆم و ھەموو منداڵەکانی دیکەش شەھید ببین، ئێوە بۆمان بمێنن بەسە و ھیچمان ناوێت.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ئەو بریندارە داواش لە حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق دەکات قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان بکەنەوە و بریندارەکان بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن، کە ھێشتا ھەندێک کەس برینەکانیان سارێژ نەبوونە و پێویستییان بە یارمەتی ھەیە، بۆ نموونە من خۆم پێنج ساچمە لەناو سەرمدا ماون، ھەروەھا یارمەتی کەسوکاری شەھیدان بدەن بۆ سەردانی گۆرستانی شەھیدان لە ئۆردوگای زێوە، ھەروەھا مۆنیۆمێنتێکیش بۆ کارەساتی زێوە دروست بکەن و ئەو کارەساتە بە جینۆساید بناسێنن.
بۆ یادی قوربانییانی بۆردومانی کارەساتی زێوە، مۆزەخانەی بیرەوەرییەکانی شەھیدانی سۆران کۆمەڵێک لە وێنە و کەلوپەل و ئاسەوارەکانی ئەو کارەساتە و قوربانییەکانی کۆ کردووەتەوە و لە مۆزەخانەی بیرەوەرییەکانی شەھیدانی سۆران پارێزراون.
لە دوای تێپەڕبوونی سی و نۆ ساڵ، تائێستەش بەشێک لە بریندارانی ئەو کارەساتە پێویستییان بەچارەسەر کردن ھەیە، زۆربەی قوربانیانی ئەو کارەساتە مووچەیان بۆ نەبڕاوەتەوە، لە کاتێکدا پەککەوتەن، بەتایبەت ئافرەتان و منداڵان، زۆربەی شەھیدانی ئەو کارەساتە بە شەھیدی ھاووڵاتی تۆمارکراون و پێویستە بکرێن بە شەھیدی سەنگەر، لە ھەمووشیان گرنگتر پێویستە ھەوڵی جیددی بدرێت تاکو شەھیدانی ئۆردوگای زێوە و کارەساتەکانی دیکە بە جینوساید بناسێنرێن. بەرپرسانی شەھیدان و ئەنفالکراوانیش، دەڵێن: پێویستە حکوومەتی عێراق دان بەو کارەساتە بنێت و بە جینۆساید بناسێنرێت.
ڕژێمی بەعس لەو ھێرشە ئاسمانییەدا بۆمبی قەدەغەکراوی ناپاڵمی لە دژی ئەو ھاووڵاتییە مەدەنییانە بەکارھێنا، لە ئەنجامی تاوانی بۆردومانکردنی ئۆردوگاکە، سەد و پەنجا ھاووڵاتی بێتاوان شەھید بوون و زیاتر لە سێ سەد و حەفتا و پێنج ھاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون و سەدان خانووی ئۆردوگاکەش لەگەڵ زەوی تەخت بوون، دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و بەتایبەت لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، دانیشتووانی ئۆردوگای زێوە دەستیان بە گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان کرد، بەڵام ژمارەیەکیان ھەر لەوێ ماون. عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، دەڵێت: نزیکەی ھەزار خێزانی ئاوارە لە ئێران ماون، لەسەر حکوومەتی عێراق ئەرکە قەرەبووی کەسوکاری شەھیدانی بۆردومانەکە و بریندارانی ئەم کارەساتە بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر