فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە هەڵسەنگاندنێکی نێودەوڵەتی سەرکەوتوو بوو

تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣ دوو ملیۆن و هەشتا و چوار هەزار گەشتیار لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هاتووچۆیان کردووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، نزیکەی سێ سەد و هەشتا و چوار هەزار گەشتیاری زیاترە.

ئەحمەد وشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە: “لە ساڵی ٢٠٢٣ دوو ملیۆن و هەشتا و چوار هەزار گەشتیار لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هاتووچۆیان کردووە و بەردەوام ئامارەکان لە زیادبووندان. خۆشبەختانە توانیمان لە ١٧٩ وڵاتی جیهاندا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەو هەڵسەنگاندنی ڕيکخراوی نێودەوڵەتیی ICAO دەرچوو و نمرەی ٨٠ بەرەو سەرەوەی هێنا، کە ڕێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ هەڵسەنگاندنی کوالێتیی فڕۆکەخانەکان”.
گوتیشی: “عێراق خۆی لەڕووی ئاسایشەوە ناوچەی سوورە، بۆیە کۆمەڵێک کۆتوبەندی زۆری ئاسمانی بەسەردا دەسەپێ، بەڵام سەرکەوتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بایەخی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەبوو و وای کرد عێراقیش لەم ڕووەوە بچێتە سەرەوە”.
هاوکات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەسەر ئاستی عێراق، تاکە فڕۆکەخانەیە کە گەشتی ڕاستەوخۆی بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەیە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی فرۆکەوانی شارستانیی ICAO، دوای پشکنینی ورد بۆ فرۆکەخانەکە، پلەی سەروو ٨٠٪ی داوەتە فڕۆکەخانەکە.
بایەخی فڕۆکەخانەی هەولێر لە عێراق و جیهاندا، بۆ ئەمانە دەگەڕێتەوە: سیستەمێکی ئاسایشی بەهێز، بەدیجیتاڵکردنی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانە، پابەندبوون بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەوانی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زۆر و هەرزان بە گەشتیاران.