بەرهەمی گەنمەشامی لەهەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت

و – محمد لادێ – هه‌‌ولێر

زەوییەکانی دەشتی هەولێر و دەورووبەری زۆر لەبارن بۆ چاندنی دانەوێلە، لە نێویشیاندا گەنمەشامی کە یەکێکە لەو دانەوێڵانەی لە دوای گەنم و جۆ بە سێیەم بەروبومی جیهانی دادەنرێت کە جگە لەوەی بۆ خواردنی ئاسایی سوودی ڵێوەردەگیرێت، بۆ چەندین مەبەستی تر بەکاردەهێنرێت و لە بواری پیشەسازیدا بۆ دروستکردنی زەیت و پاشماوەکەی بۆ ئالیکی ئاژەڵ و چەندین مەبەستی تر بەکاردەهێنرێت.

هەرچەندە گەنمەشامی بۆ خاکی هەرێمی کوردستان تازەیە، ئەم دانەوێڵە زیاتر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئەمریکا و ئەمریکای باشور دەچێندرێت، چوونکە پێویستی بە رۆژی گەرم و شەوی فێنکە بەڵام چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان گرنگیەکی تەواو بە بەرهەمی گەنمەشامی دەدرێت، بەتایبەت ساڵی پار و ئەمساڵ بە شێوەیەکی زیاتر و رووبەرێکی زۆرتری زەوی کە هەزاران دۆنمە بە گەنمەشامی داچێندراون بەشێک لە جووتیارانی کوردستانیش، لەدوای دروێنەی گەنم، زەویەکانیان سەرلەنوێ دەکێڵنەوە و بە گەنمەشامی دەیچێنن لە هەرێمی کوردستانیش بەهۆی گونجاوی کەشو هەواکەیەوە لە دوو وەرزدا گەنمەشامی بەرهەمدەهێنرێت.
جێی باسە لە دوای ساڵی ٢٠١٣ەوە چاندنی گەنمەشامی لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و دەیان کارگە دامەزراون بۆ ساخکردنەوەی ئەو گەنمەشامیە کە بەدەر لە خواردنی ڕۆژانەی خەڵک، بە چەندین شێوەی وەک دروستکردنی زەیت و ئالیک بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسی بەرهەمی لێ دروست دەکەن. ئێستاکەش لە هەرێمی کوردستان ٣٨ کارگەی ئالیک و هەشت کارگەی وشککردنەوەی گەنمەشامی هەیە.
تێچووی هەر دۆنمێک زەوی چێندراو بە گەنمەشامی ٥٠٠هەزار دینارە بۆ کێڵان و بنەتۆ و پەینی کیمایی و ئاودان و پێویستیشە گەنمەشامییەکە ئاوی لێنەبڕێت چوونکە گەنمەشامی ئاوێکی زۆری پێویستە.
بەپێی ئامارەکان، ساڵی ٢٠٢٢ تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕووبەری چێندراو بە گەنمەشامی ٢٣هەزار و ٩٠دۆنم زەوی بووە، کە بەرهەمەکەی ٨٠هەزار و ٨١٥تۆن بووە. وەبۆ ساڵی ٢٠٢٣ش، ٣٩هەزار و ٣٠دۆنم زەوی بە گەنمەشامی چێندراوە و بەرهەمەکەی ١٣٦هەزار و ٦٠٥تۆن بووە.
بەڵام بە کۆی گشتی بەرهەمی گەنمەشامی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان، ٢٠٤هەزار و ٩٩٢تۆنە، کە زیاتر بۆ بەرهەمی پیشەسازی سوودی لێ وەرگیراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پاڵپشتیی کابینەی نۆیەم بۆ کەرتی کشتوکاڵ.
هاوکات بەهۆی لەباری کەشوهەواکەی و بوونی دەشتاییەکی زۆر لە شاری هەولێر و دەورەبەری، بەرهەمهێنانی گەنمەشامی لە هەرێمی کوردستان لە ٨٠٪ـی لە پارێزگای هەولێرە و ئەوەی تری لە شارەکانی تر بەرهەم دەهێنرێت.
هەرێمی کوردستان، ساڵانە، پێویستی بە یەک ملیۆن تۆن گەنمەشامی هەیە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، گرنگییەکی زۆری بەم بەرهەمە داوە و لە پلانیشیدایە هاوکاری زیاتری جووتیاران بکات، بەمەبەستی زیادکردنی بەرهەمی گانمەشامی لە ناوخۆدا و هاوردەکردنیشی بۆ دەرەوە.

ھەواڵی زیاتر