کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتی بۆ بیر و بەرهەمی عەزیز گەردی بەڕێوەچوو

لە دووەم ساڵیادی کۆچی دوایی عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی کورد، کۆنفرانسێکی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ زیاتر ناساندنی بیر و بەرهەمەکانی لە زانکۆی سەلاحەدین بە 18 توێژینەوەوە بەڕێوەچوو.

دوێنێ، کۆنفرانسێکی زانستیی نێوده‌وله‌تی بۆ لێکۆڵینەوەی زمانەوانی و رەهەندە جیاوازەکانی بیر، هزر و داهێنانەکانی (عەزیز گەردی) نووسەر، وەرگێڕ و زمانناسی کورد، لە بوارەکانی پەروەردە، خوێندن و وەرگێڕان لە زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە چاودێریی زانکۆی سەلاحەدین و بە هاوبەشی لەلایەن کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی و سەرجەم کۆلێژەکانی بەشە کوردییەکانی زانکۆکە ئامادە کراوە.
بەپێی راپۆرتی کۆنفرانسەکە، نزیکەی 34 توێژینەوە لەسەر کەسایەتی و بەرهەمەکانی (عەزیز گەردی) پێشکه‌ش کرابوون، کە 18 توێژینەوەیان لەلایەن لیژنەی پێداچوونەوە پەسند کراون و دەخرێنەڕوو کە تایبەتن بە وەرگێڕان، زمانناسی و لایەنی ئەکادیمیی (عەزیز گەردی).
لە بەشێکی کۆنفرانسەکە پانێڵێک بە ناونیشانی “پیاوێك له‌ یه‌قینی وشه‌ و گومانی بیركردنه‌وه‌دا” بەڕێوەچوو و تێیدا د. سالار، بەپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: عەزیز گەری لە بواری یەقیندا کارێکی زۆری بۆ ئەدەبیاتی کوردی کردووە تێکڕای ئەو بەرهەمانەی کە عەزیز گەردی هەیەتی و لێرەدا باس کران، بریتین لە بەرهەمداری یەقینی ئەم پیاوە گەورەیە، ئێمە ئێستا کە قسە دەکەین چیایەک وشەمان لەپشتە، ئەویش وشەکانی (عەزیز گەرد)ین کە هەمووین بریتین لەو یەقینە مامۆستا (عزیز گەردی) هەیبووە لە هەموو ئەو بوارانەی لەسەری نووسیویەتی.

د. سالار عوسمان گوتیشی: مامۆستا (عەزیز گەردی) یەک لەو پیاوانەی کوردە کە لە زماندا ئەتلەسێکی زۆر فراوانە، کەم کەس هەبووە لە تەمەن و زەمەنی ئەودا ئەو هەموو زمانە بزانێت، بۆیه‌ توانیویەتی بەرهەمی ئەو زمانانەمان بۆ بگوازێتەوە کە زانیویەتی.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی پانێڵستەکان کرا.

ھەواڵی زیاتر