پەتاتەی کوردستان ناوازەیە و کۆمپانیا جیهانییەکان داوای دەکەن

چەند ڕۆژێکە وەرزی چنینەوەی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، چاندنی پەتاتە لای جووتیارانی کوردستان ڕێچکەی خۆی گرتووە، ئەوەش وای کردووە ساڵ لە دوای ساڵ بەرھەمی پەتاتە زیاد بێت و کوردستان ببێتە ناوەندێک بۆ ھەناردەکردنی پەتاتە. بەرپرسانی کشتوکاڵ، دەڵێن، بەرھەمی پەتاتە بۆ زیاتر لە ھەشت سەد ھەزار تۆن زیادیکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ھەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە سەد ھەزار تۆن پەتاتە ھەیە.

حکوومەتی ھەرێم گرنگی زۆری بە بەرهەمی پەتاتە داوە
پەتاتە، بەھۆی ئەو بەھا خۆراکییەی ھەیەتی، بە یەکێک لە ناسراوترین بەرھەمە کشتوکاڵییەکان لەسەر ئاستی جیھان دادەنرێت، لەڕووی بەرھەمھێنان و بەکاربردنەوە لە دوای گەنم، برنج و گەنمەشامی دێت، چاندنی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان مێژوویەکی درێژی ھەیە، بەڵام لە دە ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی کشتوکاڵ گرنگیی تایبەتی بە چاندن و بەرھەمھێنانی پەتاتە داوە، ئەویش لەڕێگەی دابینکردنی بنەتۆی پەتاتە، ھەروەھا دانانی ڕەسمی گومرگی لەسەر بەرھەمی دەرەوە لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆ، بەو ھۆیەوە بەرھەمی پەتاتە حەوت ئەوەندە زیاد بووە، وەزارەتی کشتوکاڵ لە ساڵی ٢٠٠٨ وەک تاقیکردنەوە، پەنجا و یەک تۆن بنەتۆوی پەتاتە لە ھۆڵەندا ھاوردەکرد و بەبێ بەرامبەر بەسەر جووتیاراندا دابەشکرد، لە ساڵی ٢٠٠٩ چاندنی پەتاتە خرایە لیستی بەرھەمە ستراتیژییەکانی پلانە پێنج ساڵییەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستکرا بە ھاوردەکردنی بنەتۆوی پەتاتە لە ھۆڵەندا و فەڕەنسا، وەزارەتی کشتوکاڵ شەش سەد و حەفتا و پێنج تۆن بنەتۆوی پەتاتەی ھێنا وەک ھاندان بێ بەرامبەر بەسەر جووتیارانی دابەشکرد، لە ساڵی ٢٠١٠ بڕی ھاوردەکردنی بنەتۆی بۆ نۆ سەد و پەنجا و دوو تۆن و ساڵی ٢٠١١ بۆ دوو ھەزار و سەد و سی و سێ تۆن زیادکرد و بە ٧٥%ی نرخی پاڵپشت بەسەر جووتیاراندا دابەشکرد، دواتر جووتیاران بە تایبەت لە دھۆک و ھەولێر ڕوویان لە چاندنی پەتاتە کرد، چەند کۆمپانیایەک دامەزران دەستیان بە ھاوردەکردنی بنەتۆی پەتاتە کرد، دواتر بڕی ھاوردە زیادکرا، ئێستا چاندنی پەتاتە ڕێچکەی خۆی گرتووە و چەند کۆمپانیایەک لە ھەرێمی کوردستان تۆوی پەتاتە لە ھۆڵەندا بۆ جووتیارانی کوردستان و عێراق ھاوردە دەکەن، ئێستا نزیکەی حەوت سەد جووتیار بە چاندنی پەتاتەوە خەریکن و ساڵانە بە ھەزاران تۆن بنەتۆوی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان دەچێندرێت. بەرپرسانی کشتوکاڵ، دەڵێن، ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو پەتاتە چێندراوە، ئەوەش وا دەکات بەرھەمی پەتاتە زیاتر لە ھەشت سەد ھەزار تۆن بێت، ئەوەی لە پێداویستی خۆمان زیادە دەچێت بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دەرەوە.

دھۆک یەکەمە
پارێزگای دھۆک لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەڕووی چاندن و بەرھەمھێنانی پەتاتە پێشەنگی پارێزگاکانی دیکەی گرتووە و ئەمساڵ ٧٠%ی ئەو پەتاتەی لە کوردستان ھەیە لە دھۆک بەرھەم دێت. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، دەڵێت: حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت گرنگی زۆری بە کشتوکاڵ داوە، تەنیا لە سنووری پارێزگای دھۆک بۆ ئەمساڵ سی و سێ ھەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە داچێنراوە، ئێستا کاتی دەرھێنانی پەتاتەیە چاوەڕوان دەکرێت بەرھەمی جووتیارانی دھۆک سێ سەد و پەنجا ھەزار تۆن بێت، پارێزگای دھۆک لە بەرھەمھێنانی پەتاتە نەک تەنیا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی ھەموو عێراق یەکەمە.

چەندین بەرھەمی جووتیاران ھەناردەی دەرەوە کران
ساڵی ڕابردوو چەندین جۆری بەرھەمی جووتیاران ھەناردەی دەرەوە کران، لەوانەش، پەتاتە، ھەنگوین، تەحین، برنج، ھەنار، سێوی بەرواری، سماق و چەند بەرھەمێکی دیکە، چەند وڵاتێکی دیکەش داوایان کردووە ئەمساڵ بۆ ئەوانیش ھەناردە بکرێت، کە یەکێک لەو بەرھەمانە پەتاتەیە. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، گوتی: ساڵی ڕابردوو تەنیا لە سنووری پارێزگای دھۆک دوازدە ھەزار تۆن بەرھەمی جۆراوجۆر ھەناردەی وڵاتان کراون، پەتاتەش یەکێک لەو بەرھەمانە بوو کە تەنیا لە سنووری دھۆک شەش ھەزار تۆن پەتاتە ھەناردەی دەرەوە کران، بۆ ئەمساڵیش ئامادەکاری کراوە و پەتاتەی زیاتر ھەناردە دەکرێت.

پەتاتە لە ناوخۆشدا خواستی زۆری هەیە
وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستی ساڵانەی تاکی ھەرێمی کوردستان بۆ پەتاتە بە پازدە کیلۆ دیاریکردووە، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان شەش ملیۆن کەس بێت، ھەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا پێویستی بە سەد ھەزار تۆن دەبێت، بەو پێوەرە بێت بۆ ئەمساڵ بەرھەمی پەتاتەی خۆماڵی زیاتر لە حەوت ھێندە پێویستی ناوخۆیە.

لە ھەرێمی کوردستان چاندنی پەتاتەی پیشەسازی پەرەدەسێنێت
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک کارگەی بەرھەمھێنانی چیپس دامەزراون، ژمارەیەک لەو کارگانە گرێبەستیان لەگەڵ جووتیاران کردووە بۆ چاندنی پەتاتەی پیشەسازی، بۆیە خەریکە لە ھەرێمی کوردستان چاندنی پەتاتەی پیشەسازی پەرەدەسێنێت، ئەمەش سوودێکی گەورە بە ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەگەیێنێت، چونکە پارە بۆ کڕینی چیپس ناچێتە دەرەوە. بەرپرسانی کشتوکاڵ، دەڵێن، پەتاتە جۆری زۆرە، زیاتر لە چل جۆر پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ھەموو جۆرەکان گونجاون، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە بەشێکی زۆری ئەو پەتاتەیە بۆ پەتاتەی پیشەسازی دەچێت، فینگەر و چیپسی پەتاتە لێ بەرھەم دەھێنرێت، ئەو کارگانەی لەو بوارە لە ھەرێمی کوردستان ھەن زۆر باشن، چەند پڕۆژەیەکی زۆر گەورەن، کە بەشێکی زۆری بەرھەمیان ھەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی ھەلی کاری ڕەخساندووە، چ بە ڕاستەوخۆ ئەو کەسانەی لەو کارگانە کار دەکەن، چ جووتیارەکان و ئەوانەی کاری گواستنەوە دەکەن.

ھاوردەکردنی پەتاتە بۆ ھەرێمی کوردستان قەدەغەیە
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، ڕوونیکردەوە، لەپێناو پاراستنی بەرھەمی خۆماڵیی و بەدیھێنانی سوودی ئابووری گونجاو بۆ جووتیاران، ھاوردەکردنی پەتاتە لە دەرەوە قەدەغەیە، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ بەرھەمی ناوخۆیی و خۆماڵی.

ھەواڵی زیاتر