عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان:حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموومانی پابەندکردووە بە برەودان بە ڕۆشنبیری ژینگەیی

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ژینگە و گەشەسەندنی وزە لە هەولێر، لە وتارێکدا تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئامادەکاری و پلانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە.

سەرۆكی دەستە باسی لەوەکرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمووانی ناچار کردووە گوێ بە ڕینماییەکانی ژینگە بدەن، ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا جیهانی گرتووتەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش چەندین ڕێکار و هەنگاوی گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییەکان لە سەر ژینگە و کەشوهەوای کوردستان.
گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموومانی پابەندکردووە بە برەودان بە ڕۆشنبیری ژینگەیی، کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان و هاندانی دەستە جێبەجێکارەکان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی ژینگەیی بە ئاراستە دەستگرتن بە سەر سەرچاوەکانی وزە و کەمکردنەوەی بە فیڕۆدان.
عەبولڕەحان سدیق، لە واتەکانیدا، ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی هەرێم لەگەڵ پاراستنی ئاسایشی ئاو، دانانی سیستەمێکی نوێ بۆ ئاوەڕۆکان کار لەسەر بوونی میکانیزمێکی بێ زیان بۆ ڕزگاربوون لە پاشماوە و پاشەڕۆکان بە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، پاراستنی زیندەجۆرەکان و تەواوی لایەنەکانی دیکە دەکات.
سەرۆکی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە پلانەکانی ئێستای دەستە کرد و ڕایگەیاند؛ ئێستا دەستەی ژینگە لە بواری پاراستنی وزە کار لەسەر دوو پرۆژەی گرنگ دەکات لەگەڵ پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بریتین لە پرۆژەی پلانی وەبەرهێنان لە کەشوهەوا لەگەڵ پرۆژەی کەمکردنەوەی گونجاوی نێوخۆیی لە کەشوهەوادا، چونکە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە و وەک ئەوەی دەرکەوتووە لێکەوتە و کاریگەرییەکانی زۆرن و جا لەبەر ئەوەی نیشینگەی مرۆڤەکان یەک ژینگەیە بۆ مەترسییە دەرکەوتووەکانی هاوبەش و بۆ هەمووان دەبێت.

ھەواڵی زیاتر