ڕێژەی سەوزایی لە پرۆژەکانی نیشتەجێبووندا کاریگەری ڕاستەخۆی لەسەر فرۆشی یەکەکان هەیە

زۆری و کەمی ڕێژەی سەوزایی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا ئێستاکە بووە بە مەرجی سەرەکی فڕۆشتن و هاوڵاتیيان بە تایبەت بەدوای ئەو پڕۆژانەدا دەگەڕێن کە ڕێژەی سەوزاییان زۆرە و چوونکە بەدوای ئاو و هەوایەکی خاوێن و ژینگەیەکی تەندروستدا دەگەڕێن بۆ ژیان.

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت وەبەرهێنەرانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون گرنگی بە ڕێژەی سەوزایی و خزمەتگوزارییەکان بدەن، بەپێچەوانەوە وەبەرهێنەرەکە دووچاری ڕێکاریی یاسایی دەکرێتەوە.
ئاشکرایە کە ژینگەیەکی تەندروست لە ڕێگەی بوونی دار و سەوزایی زۆرەوە دەست دەکەوێت و هراوکات کاریگەرییەکی ئەرێنیشی لەسەر کەشوهەوا هەیە، هەربۆیە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان ڕێژەی سەوزایی لە شارەکاندا پێویستە لەنێوان ١٥٪بۆ ٢٥٪ بێت و لەو ناوچانەش کە چڕی دانیشتووانیان زۆرە و ئۆتۆمبێلی زۆریان تێدایە پێویستە ڕێژەی سەوزایی ٣٠٪ بێت.
بۆیە لەپێناو سەوزکردنی زیاتری شارەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ هەمووان و بە گوێرەی بڕیاری دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگە دەبێت ھەر پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون ڕێژەی سەوزایی لە٪٢٥ كەمتر نەبێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.
د.فەرمان خەلیل ڕاوێژكار و شارەزا لە بواری ژینگە دەڵێ “لە بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بە تایبەت ئەوانەی دەکەونە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر بەهۆی کێشەی کەم ئاوییەوە نەتوانراوە بە گوێرەی پێویست ڕووبەری سەوزاییان پەرەی پێ بدرێت”
بەڵام بەپێی بڕیارەکەی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە، هەر پڕۆژەیەک بە هەر هۆکارێک بڕیاری سەوزکردنی جێبەجێ نەکردبێ ئیدی ئایا لەبەر کەم ئاوی بێت یان بچوکی ڕوبەری پڕۆژەکەی، ئەوا دەبێت پڕۆژەی (لەبری سەوزکردن) جێبەجێبکات واتە لە شوێنێکی دیکە و بە قەبارەی زیاتر قەرەبووی ئەو سەوزاییە بکاتەوە ئەگەرنا ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبێت. هاوکات ئەم بڕیارە بەسەر ئەو پڕۆژانەشدا جێبەجێ دەبێت کە پێش دەرچوونی یاساکە تەواوکراون و مەرجی پێویستیان تێدا نییە.
ئێستاکە ڕێژەی سەوزایی لە شارەکاندا بەدەر لەوەی کە لەلایەن دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگە کراوەتە مەرجێک بۆ پرۆژەکان، لە لایەن هاوڵاتیسانیشەوە مەرجی سەرەکییە لەکاتی هەڵبژاردنی ناوچەیەکی گونجاو بۆ کڕینی خانوو یان هەر یەکەی نیشتەجێبوون.
جێی باسە جیاواز لە ساڵانی پێشوو ئێستاکە نەبوونی ڕێژەیەکی باشی سەوزایی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا بووەتە گرفتێک لەبەردەم خاوەن پڕۆژەکان و نەفرۆشرانی یەکەکانیان چوونکە ئێستاکە ڕێژەی سەوزایی یەکێکە لەو مەرجە سەرەکییانەی کە هاوڵاتیيان بەدوایدا دەگەڕێن لەکاتی کڕینی خانووبەرە.

ھەواڵی زیاتر