شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کۆبوونەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ـی حوزەیرانی 2024، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی نێو پرۆسەی سیاسی عێراق و پەیوەندی و گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق سەبارەت بە بودجە و نەوت کرا، تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستوریەکانی هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکان و گەیشتن بە ڕێگەچارەی هاوبەش.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا نیازی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی لێ کرایەوە و خواستی حکوومەتی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو، بە جۆرێک کە ئەم پرسە پێویستی بە ڕێگاچارەی هاوبەش و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.

هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئالنگاریانە کرا کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری دروستبوون، بە بایەخ و سوپاسەوە باس لە خۆڕاگری و پشودرێژی کۆمپانیاکان کرا و ئاماژەش بەوەدرا بە پێکەوەیی مانەوە و کاری هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامیدان بە کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن، هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و کۆمپانیاکان بە پێویست زانرا لە پێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان کە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق

ھەواڵی زیاتر