دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هه‌ولێر.. كۆنفرانسی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی بیرو به‌رهه‌م و داهێنانی عه‌زیز گه‌ردی به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 5/6/2024، به‌ ئاماده‌بوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و دكتۆر سالار عوسمان به‌رپرسی به‌شی رۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئاریان سه‌لاحه‌ددین بریكاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی مامۆستا و قوتابیانی زانكۆ و ئه‌دیبان و رۆشنبیران و توێژه‌ران، بە چاودێری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین، كۆنفرانسی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی بیرو به‌رهه‌م و داهێنانی عه‌زیز گه‌ردی به‌ڕێوه‌چوو.
له‌میانی كۆنفرانسه‌كه‌دا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر گوتارێكی پێشكه‌شكرد، تێیدا رۆڵ و پێگه‌ی مه‌زن و كاریگه‌ری مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی له‌نێو بزاوت و مێژووی نووسین و ئه‌ده‌بی كوردی به‌ گرنگ وه‌سف كرد و رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ به‌ شكۆ و شانازییه‌وه‌ له‌هه‌ولێر كۆنفرانسێك به‌ناو پیاوێكی مه‌زن و به‌ هه‌ڵوێستی وه‌ك مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، كه‌ نیو سه‌ده‌ له‌ پاڵ مامۆستایه‌تی، خزمه‌تێكی به‌رچاوی پێشكه‌ش به‌ زمان و ئه‌ده‌بی كوردی كردووه‌.
پارێزگاری هه‌ولێر له‌باره‌ی مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی هه‌روه‌ها گوتی: “راسته‌ مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی به‌ جه‌سته‌ له‌نێوماندا نه‌ماوه‌، به‌ڵام به‌ به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌ زیندوویی له‌نێوماندا ده‌ژیت”.
دووپاتیشیكرده‌وه‌، جێی شانازییه مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی وه‌ك خه‌ڵكی هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن و هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان به‌رهه‌می گه‌وره‌ی پێشكه‌ش به‌ مێژوو و بزاڤی ئه‌ده‌بی كوردی كردووه‌.
لەم کۆنفرانسەدا چەندین پانیل و توێژینەوەی زانستی تایبەت بە بیرو بەرهەمەکانی عەزیز گەردی پێشکەش دەکرێ …
ناوی ته‌واوی عه‌زیز گه‌ردی (عه‌زیز عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د)ـه‌، له‌ساڵی 1947 له‌ به‌حركه‌ی شاری هه‌ولێر له‌ دایكبووه‌، نۆبه‌ره‌ی به‌رهه‌مه‌كانیی له‌ ساڵی 1968 – 1969 بوو كه‌‌ كتێبێكی ره‌وانبێژییه‌ و له‌ساڵی 1970 چاپ و بڵاویكردووه‌ته‌وه‌.
مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له‌ زانكۆی موسڵ له‌ پسپۆری زمانی فه‌ره‌نسی به‌ده‌ستهێناوه‌، دواتر ده‌بێته‌ مامۆستا له‌ قوتابخانه‌كان و له‌ساڵی 1994 بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌ ئه‌ده‌بی كوردی و له‌ساڵی 1998 دكتۆراكه‌ی به‌ده‌ستهێنا، دواتر دووه‌م دكتۆرای له‌ پسپۆری زمانی ئینگلیزی به‌ده‌ستهێنا و تاكو كۆچی دواییكرد زیاتر له‌ 200 كتێبی نووسیوه‌ و وه‌رگێڕاوه‌ بۆسه‌ر زامانی كوردی.