بەرگریی شارستانیی دهۆک: ڕۆژانە نزیکەی 25 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمار دەکرێن

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، بە گوێرەی ئامارەکان، ڕۆژانە نزیکەی 25 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکە تۆمار دەکرێن. ئاماژە بەوەش دەدات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوار کەس سووتاون و شەشی دیکەش خناوکن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-06-2024، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا؛ پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ پاراستنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران و ئاماری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، خنکان و چەند ڕووداوێکی دیکەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-06-2024 ئاشکرا کرد.

بە گوتەی بێوار عەبدولعەزیز، لە ماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا 86 دۆنمی گەنم لە سنووری پارێزگاری دهۆک سووتاون و ئەگەر تیمەکانیان بە خێرا ئاگرەکانیان کۆنتڕۆڵ نەکردبا، قەبارەی زیانەکان زیاتر دەبوو. گوتیشی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 431 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە پۆش و پاوان تۆمارکراون.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، “لەبەر ئەوەی وەرزی درێنەوەی گەنمە و لەم دواییەدا چەند ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون، 24 تیممان بەسەر ئەو ناوچانەدا بڵاوە پێکردووە کە بنکەی ئاگرکوژێنەوە لێیان دوورن. بۆ ئەوەی ئەگەر ئاگر لە گەنمی جووتیاران کەوتەوە، لە زووترین کاتدا کۆنتڕۆڵی بکەن”.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە پێویستیشی دەزانێت، جووتیاران پابەندی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ببن و “لە کاتی ئاگرکەوتنەوە لە کێڵگەی گەنمەکەیان، بە زووترین کات پەیوەندی بە ژمارە 115ـەوە بکەن بۆ ئـەوەی تیمی ئاگرکوژێننەوە بۆ شوێنی ڕووداوەکە بنێرین”.

گوتەبێژەکە لە درێژەی قسەکانیدا، ژماریەک ڕێنمایی بۆ جووتیاران دەرکرد:

1. پێویستە دەوروبەری کێڵگەی گەنم، بیستان و ڕێگاکانی نزیک لە کێڵگەکانی گەنم پاک بکرێنەوە.

2. نابێت جووتیار ئاگر لە نزیک کێڵگەی گەنم بکاتەوە و پێویستە خواردنی ئامادەکراو (سەفەری) لەگەڵ خۆی ببات.

3. نابێت دەڕاسە 24 کاتژمێر کاربکات و پێویستە ماوە ماوە پشووی پێ بدرێت.

4. نابێت ئۆتۆمبێل لەنێو کێڵگەی گەنمدا ڕابگیرێت.


وەکو ئەوەی بێوار عەبدولعەزیز باسی کرد، بە گوێرەی ئامارەکانی تۆمارکراو، ڕۆژانە نزیکەی 20 بۆ 25 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاری دهۆک تۆماردەکرێن، واتا هەر کاتژمێرێک ڕووداوێک تۆمار دەکرێت.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک ڕوونیشی کردەوە، “لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوار کەس لە ئەنجامی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە سووتاون و گیانیان سپاردووە؛ شەش کەس خنکاون (چواریان لە کاتی لافاوەکەی شاری دهۆک و دووانی دیکەش لە ڕووباردا خنکاون). هاوکات تیمەکانمان توانیویانە 285 کەس لە خنکان ڕزگار بکەن”

ھەواڵی زیاتر