وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێکهاتەکان:یەک کورسی بۆ ئەو ژمارە زۆرەی تورکمان لە هەولێر هەیە زۆر کەمە

نیگەرانیی پێکهاتەکان سەبارەت بە مافەکانیان لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی نەهاتووە. پێکهاتەی تورکمان کە پێکهاتەیەکی گرنگی عێراق و کوردستانە، سەرباری گەڕاندنەوەی کورسی کۆتاکان بەڵام هێشتا ئەو ژمارەیەی بۆیان دانراوە بە کەمی دەزانن و شێوازی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکانی کوردستان ڕەت دەکەنەوە.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت؛ پەسەندکردنی پێنج کورسی کۆتای پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕەت دەکەینەوە، چونکە بڕیارێکی سیاسییە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ڕایگەیاند؛ ئێمە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پەسەندکردنی پێنج کورسی کۆتای پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕەت دەکەینەوە، چونکە بڕیارێکی سیاسییە و ژمارەی دانیشتووانی تورکمانەکان لە هەولێر لەبەرچاو نەگیراوە و تەنیا یەک کورسیمان بۆ تەرخانکراوە، لە کاتێکدا لە دوای پارێزگای کەرکووک، زۆرترین تورکمان لە سنووری پارێزگای هەولێر نیشتەجێن.
گرفتیان لە زیادکردنی کورسییەکەی سلێمانی نییە
سەبارەت بە زیادکردنی کورسییەکی کۆتای پێکهاتەکان بۆ پێکهاتەی تورکمان لە پارێزگای سلێانی، ڕایگەیاند؛ وەکو نەتەوەی تورکمان لەو کورسییەی بۆ پارێزگای سلێمانی زیادکراوە هیچ گرفتێکمان نییە، ئەگەر بۆ تورکمانەکانی کفری بێت، بەڵام یەک کورسی بۆ ئەو ژمارە زۆرەی تورکمان لە هەولێر هەیە زۆر کەمە، هەربۆیە نە دادگای باڵای فیدراڵ و نە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هیچ ماف و داواکاریی نەتەوەی تورکمانیان لەبەرچاو نەگرتووە و ئەو دابەشکارییەی کراوە سەپاندنی بڕیارێکی سیاسییە بۆیە ڕەتیدەکەینەوە.

ژمارەی مەسیحی و تورکمانەکان شایەنی کورسی زیاترە
ئەو وەزیەری هەرێم، ئەوەشی خستەڕوو؛ بەشێوەیەکی گشتی ئەو پێنج کورسییەی بۆ پێکهاتەکان دانراوە کەمە، چونکە هەردوو پێکهاتەی تورکمان و مەسیحی ژمارەیان زۆر زیاترە لەو کورسیانەی بۆ کۆتا دانراوە، ئەمە جیا لەوەی بوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە پێکەوە ژیاندا، بەڵام ئەو دابەشکارییەی کراوە سیاسییە و بەشێوەیەک کراوە کە لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایین و جوگرافیا بێت، ئەمەش مەرامێکی سیاسییە و کەمکردنەوەی بەها و پێگەی پێکهاتەکان و پێکەوە ژیانە لە هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر