عێراق جارێکی دیکە ستەمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرد

چواس خالید – هەولێر

وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ده‌رگای سایلۆكان ده‌كرێته‌وه‌ و گه‌نم له‌ جوتیاران وه‌رده‌گیرێت، داوامان له‌ به‌غدا كردووه‌ سه‌رجه‌م به‌رهه‌می گه‌نمی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێت، كه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین ملیۆنێك و پێنج سه‌د هه‌زار تۆن بێت، به‌ڵام ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر حه‌وت سه‌د هه‌زار تۆن داوه‌.

٤ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٤، بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، چه‌ندین مانگ به‌بێ ماندوبوون كارمانكردووه‌ و عێراق پێویستی به‌ هه‌رچی دیكۆمێنتێك بووبێت، ڕه‌وانه‌مان كردووه‌، شه‌وی ڕابردوو كات دووی به‌ره‌به‌یان تیممان ناردووه‌ته‌ به‌غداد بۆ ئه‌وه‌ی دیكۆمێنته‌كان بگه‌یه‌نن، كه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ندی ده‌كات و وه‌زاره‌تی بازرگانیش له‌مڕۆوه‌ ده‌رگای سایلۆكان ده‌كاته‌وه‌.

بە ناچاری بە داواکەی بەغدا ڕازی بووین
وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، بۆ دیاریكردنی بڕی ئه‌و گه‌نمه‌ی وه‌ری ده‌گرێت، به‌غداد داوای جیاكردنه‌وه‌ی سنووری ناوچه‌كان و ڕاپۆڕتی وردیان لێكردین و پێشكه‌شمان كردوون، ئه‌و گوتی، “نامه‌ی تایبه‌تم بۆ سودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی فیدڕاڵ ناردووه‌ و داوای وه‌رگرتنی گه‌نمی زیادترمان كردووه‌ و ڕه‌تمانكرده‌وه‌ پێنج سه‌د هه‌زار تۆنی ساڵی ڕابردوو بكرێته‌ بنه‌مای وه‌رگرتنی گه‌نم، به‌ڵام به‌غداد به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی بودجه‌ی ته‌رخانكراو به‌ش ناكات، ڕازی نه‌بووه‌ كۆی به‌رهه‌می گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێت”.
بێگه‌رد تاڵه‌بانی ده‌ڵێت، “هه‌ر بۆیه‌ و له‌ ناچاری به‌ بڕیاری وه‌رگرتنی حه‌وت سه‌د هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان ڕازیبووین”.

بڕی گەنمی پێشبینی کراو ملیۆنێك و پێنج سه‌د هه‌زار تۆنە
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، به‌غداد بۆ دیاریكردنی بڕی ئه‌و گه‌نمه‌ی وه‌ریده‌گرێت، داوای لێكردین ڕووپێوی ئاسمانی ڕووبه‌ری داچێندراو بكه‌ین و به‌ گوێره‌ی ئه‌و داتا سه‌ته‌لایته‌، كه‌ بۆ ڕووبه‌ری دوو ملیۆن و نۆ سه‌د و په‌نجا و پێنج هه‌زار دۆنم زه‌وی داچێندراو كراوه‌، پێشبینی ده‌كه‌ین ملیۆنێك و دوو سه‌د بۆ ملیۆنێك و پێنج سه‌د هه‌زار تۆن گه‌نممان هه‌بێت.

عێراق کەمتەرخەمە
ساڵانه‌ له‌ ١ ی حوزه‌یران ده‌رگای سایلۆكان بۆ وه‌رگرتنی گه‌نم ده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌مساڵ كه‌ پێنج ڕۆژ دواتره‌، بێگه‌رد تاڵه‌بای كه‌مته‌رخه‌می به‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراقداده‌ت و ده‌ڵێت، “له‌ مانگی یه‌كه‌وه‌ داوای هاتنی لیژنه‌ی كشتوكاڵی عێراقمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشكنینی مه‌یدانی بكه‌ین، به‌ڵام دواكه‌وتوون، جیا له‌وه‌ داوای كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی ٥٧ مان كردووه‌، كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ وه‌زیری كشتوكاڵی عێراقی فیدڕاڵه‌، به‌ڵام دواكه‌وتوون و نه‌هاتوون تا دانوستان بكه‌ین”.

عێراق جیاکاری لە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەکات
حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ بۆ وه‌رگرتنی هه‌ر تۆنێك گه‌نم له‌ جوتیاران، هه‌شت سه‌د و په‌نجا هه‌زار دیناری دیاری كردووه‌ و ئه‌وه‌ جاری یه‌كەم نییه‌ ئه‌و حكوومه‌ته‌ به‌ بیانووی جۆراوجۆر، خۆی له‌ وه‌رگرتنی كۆی به‌رهه‌می گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌دزێته‌وه‌ و به‌ به‌راوردی به‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، جیاكاری له‌ بڕی وه‌رگرتن ده‌كات و سته‌م له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو گوتی، “ئه‌گه‌ر گه‌نمێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی پڕۆسه‌ی وه‌رگرتن مایه‌وه‌، ئێمه‌ گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت هه‌یه‌ له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و په‌سندكراوی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌ و لیژنه‌یه‌ك له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌، كه‌ بڕیار ده‌ده‌ن له‌ بڕی ئه‌و گه‌نمه‌ی كه‌ له‌ده‌روه‌ی سایلۆكان ده‌مێنێته‌وه‌ تا وه‌ریبگرن”.