پڕۆسەی تۆمارکردنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران لە ناوەندەکانی دەنگدان کۆتایی هات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارت و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ڕاوێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانن بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان وەڵامی پێشنیازەکەی کۆمیسیۆن بداتەوە کە ڕۆژی ٥ی ئەیلوولی وەکو وادەی ھەڵبژاردن پێشنیاز کردووە. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی ھەرێم، لە دیدارێکی ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـدا ڕاگەیاند، تا مانگی دەی ئەمساڵ ھەڵبژاردن دەکرێت و لەوە زیاتر دواناخرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت. دەشڵێ: بەشێک لە دەنگدەران کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆریان ھەیە، ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆسەکە دەبێت.

حیزب و لایەنەکان پێیان باشە سەرۆکایەتیی ھەرێم بەڕاوێژ لەگەڵیان ڕۆژی ھەڵبژاردن دیاری بکەن و چی دیکە دوانەخرێت، چونکە دواخستنی ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان نییە. کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی ٥ی ئەیلوولی ئەمساڵی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیاز کردووە، چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆکایەتیی ھەرێمە بۆ ئەوەی وادەکە پەسەند بکات یاخود وادەیەکی نوێ دیاری بکات، دواخستنی ھەڵبژاردن لە ١٠ی حوزەیران بۆتە حەتمی و بە ھەموو ئەگەرێکەوە پرۆسەکە دەکەوێتە مانگی ئەیلوول.

  • ھەڵبژاردن لە ١٠ی حوزەیران دەکرێت؟
  • ھەڵبژاردن ١٠ی حوزەیران ناکرێت، لەبەر ئەوەی پێشتر بە بڕیاری دادگە کارەکانی کۆمیسیۆن ڕاگیراون، دواتر دادوەری ھەڵبژاردن بڕیارێکی دەرکرد و کۆتاکانی گەڕاندەوە، ئەوەش پێویست بەوە دەکات وادەیەکی دیکە بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکرێت، لەبەر ئەوەی کاریگەری لەسەر خشتەی کارەکانی کۆمیسیۆن ھەبوو، بۆیە لەو ماوەیەدا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکرێت.
  • چ وادەیەک بۆ هەڵبژاردن باسی لێوە دەکرێت؟
  • ئێستا کۆمیسیۆن داوای لە سەرۆکایەتیی ھەرێم کردووە وادەیەکی نوێ دیاری بکرێت، ڕۆژەکەشی پێشنیاز کردووە کە ٥ی مانگی نۆیە، بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە لەسەر لێکتێگەیشتنی کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتیی ھەرێم، بەڵام ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان عادەتەن لە کۆتایی مانگی نۆ یان لە سەرەتای مانگی دە باشە بکرێت، چونکە لە ھەموو وڵاتانی جیھان ڕەچاوی کەشوھەوا دەکرێت، بەتایبەتی لە کوردستان ئەگەر وەرزی ھاوین ھەڵبژاردن بکرێت زۆر گەرمە و ڕەنگە خەڵک ئەو ڕۆژە کەمتر بچێت دەنگ بدات، لە وەرزی زستان کە بەفر و باران دەبارێت بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان ڕێگاوبانەکان دادەخرێن، لەگەڵ ئەوەی کەش و ھەوا ساردە خەڵک کەمتر بەشدار دەبێت، بۆیە لە کۆتایی مانگی سێ یان لە مانگی چوار، یان کۆتایی مانگی نۆ و سەرەتای مانگی دە ئەو کاتانە زۆر باشە کە ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت، بۆیە لەو بڕوایەدام تا مانگی دەی ئەمساڵ ھەڵبژاردن دەکرێت و لەوە زیاتر دواناخرێت.
  • تا چەند گرنگە ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت؟
  • زۆر گرنگە ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، ئەوەش دەمێنێتەوە لەسەر بارودۆخی کوردستان و بۆچوونی پارتە سیاسییەکان، لەپێش ھەموویانەوە کۆمیسیۆن، کۆمیسیۆن ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ کردنی ھەڵبژاردن، بۆیە ئەوەی گرنگە ھەڵبژاردن بکرێت، چونکە ئێستا کوردستان بێ پەرلەمانە، بێ کۆمیسیۆن و ئەنجوومەنی پارێزگاکانە ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت ھەموو ئەو کێشانەی ئێستا ھەن چارە دەبن، ئەوەش ھەموو لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە.
  • بۆچی بەشێک لە دەنگدەران کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆریان ھەیە؟
  • کێشەی پەنجەمۆر کێشەیەکی ئاسان نییە، بەتایبەتی ئەوانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان ٥%ی ئەو کێشەیە چارە نەکراوە، بۆیە لەو بڕوایەدام ئەو کێشەیە ھەروا دەمێنێتەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆسەکە دروست دەکات، بەتایبەتی لە ڕۆژی دەنگدان و ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەران بێ بەش دەبن لە دەنگدان.
  • ٥ کورسی بۆ پێکھاتەکان گەڕێندرایەوە بڕیارەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟
  • گەڕانەوەی پێنج کورسی پێکھاتەکان، ئەوە چارەیەکی مام ناوەند بوو، لەوە باشترە کە کورسی پێکھاتەکان ھەر نەبێت، چونکە لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە تا ئێستا پێکھاتەکان بەرێژەی جیاواز بەشداریان لە ھەڵبژاردن کردووە و ڕێزیان لێ گیراوە و بوونیان ھەیە، ھەم لە پەرلەمان ھەم لە حکوومەت، بۆیە نەدەکرا بێ پێکھاتەکان بچینە ناو ھەڵبژاردنەوە، ئێستا کە پێنج کورسییان بۆ دیاری کراوە ھەر چەندە کورسییەکانیان لەسەر حیسابی کورسییە گشتییەکانە، بەڵام ھەر باشە بوونیان ھەبێت لەناو پەرلەمان، دواتریش لەناو حکوومەت، ئەمە دەلیلە لەسەر ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان گرنگی بە پێکەوەژیان و بەشداری ھەمەجۆری ئایینیی، نەتەوەیی و کلتووری دەدرێت.
ھەواڵی زیاتر