جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە تاسەوە چاوەڕوانی کردنەوەی دەرگای سایلۆکان دەکەن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

وەرزی دروێنەی گەنم لە پارێزگاکانی عێراق خەریکە تەواو دەبێت و جووتیارانیی عەرەب هەرچی گەنمیان هەبووە بە باش و خراپ لێیان وەرگیراوە، بەڵام جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە تاسەوە چاوەڕوانن و تا ئەم ساتە نازانن چ بڕە گەنمێکیان لێ وەردەگیرێت و کەی دەرگای سایلۆکان بە ڕوویاندا دەکرێتەوە تا بەرهەمەکەیان ڕادەست بکەن.

ئەوەی لانی کەم لە دەیەی ڕابردوودا بەسەر جووتیارانی کوردا هاتووە ڕەنگە هاوشێوەکەی لە هیچ شوێنێکی جیهان ڕووینەدابێت، پارەی گەنمی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ لەم ساڵانی دواییدا درا، حکوومەتی عێراق لەجیاتی پاڵپشتی لە بەرهەمی جووتیاران بکات و هانیان بدات بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵەی زیاتر و خۆبژێویی و تەنانەت هەناردەکردنی دانەوێڵە کە بناغەی ئاسایشی خۆراکە، کەچی بەربەست و لەمپەریان بۆ دروست دەکات و لێیان بە بیانووە، ئەو بیانووگرتنەی حکوومەتی عێراق گشتی نییە و تایبەتە بە جووتیارانی کوردستان ئەگەرنا جووتیارانی عەرەب هیچ کێشەیەکیان نییە و هەرچی بەرهەمیان هەبووە لێیان وەرگیراوە.
بەپێی یاسای بودجە کڕینەوەی گەنم لە جووتیاران لە بودجەی سیادی دابین کراوە و نابێت جیاوازی لە نێوان جووتیاری کوردستان و جووتیاری پارێزگاکانی دیکەدا بکرێت بەڵام ئەم هەڵاواردنە بە ئاشکرا دەبینرێت و دەبوایە لانی کەم لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە دەرگای سایلۆکانی کوردستان بە ڕووی جووتیاراندا کرابایەوە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان ڕادەست بکەن.
پرسی کڕینەوەی گەنم لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نییە و تەنانەت کردنەوەی دەرگای سایلۆکانیش لە دەسەڵاتیاندا نییە و سایلۆکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر ڕێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا کار دەکەن و ئەو بڕە گەنمەی بۆیان دیاری دەکرێت و بەپێی ئەو بودجەیەی خراوەتە خزمەتیان گەنم لە جووتیاران دەکڕنەوە.
هەر یەک لە وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە بۆ میدیاکانی هەرێمی دەستەوەستانیی خۆیان لەو بارەیەوە ڕاگەیاندووە و دەڵێن چاوەڕوانی بڕیاری بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی پێیان بگوترێ چ ڕێژەیەک لە بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەردەگرن و ئەوانیش هەر لەسەر ئەو بنەمایە گەنمی جووتیاران وەردەگرن.
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دەرگای هیچ سایلۆیەکی هەرێمی کوردستان نەکراوەتەوە و هەندێک سایلۆی تر لە ناوچە کوردستانییەکان کە دەرگاکانیان کردووەتەوە زۆر بە خاوەخاو گەنم وەردەگرن و باس لەوە دەکرێ بە دەیان کیلۆمەتر بارهەڵگرەکان ڕیزیان بەستووە بۆ ئەوەی نۆرەیان بێت و گەنمەکەیان ڕادەستی سایلۆ بکەن. ڕێگەی گوێڕ بەرەو مەخموور بە تەواوی بەو بارهەڵگرانە تەنراوە و شوفێران لە ژێر تیشکی گەرما لە چاوەڕوانیدا هێشتراونەتەوە.
جگە لەو خەرجییانەی بۆ بەرهەمهێنان و کۆکردنەوە کەوتووەتە سەر شانی جووتیاران، لە هەمان کاتدا پرسی گواستنەوەی گەنم خەرجییەکی زۆر هەڵدەگرێت تا درەنگتر گەنم لە جووتیاران وەرگیرێت ئەوا خەرجییەکانیشیان زیاتر دەبێت. جووتیارێک گوتی بەغدا بەزەیی بە هیچ توێژێکی هەرێمی کوردستاندا نایە و بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت لە ژێرخانی ئابووری کوردستان بدات. ژمارەیەک لە جووتیاران لە هەنگاوەکانی بەغدا بێزار بوون و بڕیاریان داوە کەمتر لە نرخی فەرمی لە بازاڕ ساغی بکەنەوە و ئەمەش وای کردووە لە بازاڕیش نرخەکەی دابەزێت.
بەغدا بەرانبەر گەنمی هەرێمی کوردستان هەڵوێستەکانی گۆڕیوە و جارێک گوتوویەتی تەواوی گەنمی بەرهەمهێنراو وەردەگرن و جارێکی تر باسی لە وەرگرتنی نزیکەی شەشسەد هەزار تۆن یا زیاتر و لە لێداونی تر بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ژمارەی گەورەتر یان بچووکتریان خستووەتەڕوو.
بەپێی ڕووپێویی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە دانەوێڵە چێندراوە کە دوو ملیۆن و نۆسەد و پەنجا و پێنج هەزاری گەنمە. پێشبینی کراوە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بگاتە سەرووی دوو ملیۆن تۆن و ئەو چاوەوڕوانییە لە بەغدا هەیە لانی کەم ملیۆن و پێنجسەد هەزار تۆن بکڕێتەوە بەڵام ئەمە تا ئێستە یەکلایی نەبووەتەوە و هەر بۆیەش دەرگای سایلۆکان بۆ کڕینەوەی گەنم نەکراونەتەوە.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕای گەیاندووە ئەمساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتە. ساڵی ڕابردوو پێنجسەد هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا و ساڵێک پێشتر سێسەد هەزاری وەرگرت کە بۆ هەر تۆنێک هەشتسەد و پەنجا هەزار دینار دیاری کراوە.

ھەواڵی زیاتر