عەلی تەتەر: کابینەی نۆیەم بە توانایەکی کەم خزمەتێکی زۆر کاریگەری کردووە

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بەردی بناغە بۆ پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیجی دادەنرێت، کە ڕێگەیەکی نێودەوڵەتییە و هەولێر بە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل دەبەستێتەوە.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کاتی دانانی بەردی بناغەی جووتسایدی باعەدرێ-ئێتیت گوتی: “ئەمڕۆ بەردی بناغە بۆ پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیجی دادەنرێت، کە ڕێگەیەکی نێودەوڵەتییە و هەولێر بە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل دەبەستێتەوە”. هەروەها درێژایی ڕێگەکە 26 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 135 ملیار و 584 ملیۆن دینار دروست دەکرێت.

عەلی تەتەر گوتیشی: “ئەو ڕێگەیە خزمەتی هەموو کوردستان دەکات، بەدڵنیاییەوە خزمەتێکی بەرچاوی دانیشتووانی قەزای شێخان و ناحیەی باعەدرێ دەکات، کە وەکو گەڕەکێكی دەورووبەری دهۆکیان لێ دێت”.

دەشڵێت: لە ماوەکانی ڕابردوو لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خزمەتێکی زۆری کۆمەڵگە و گوندی ئەو دەڤەرە کراوە، هەندێک لە ناحییەکانی ئەو دەڤەرە هیچ گوندێکیان نەماوە کە شەقامەکانیان قیر نەکرابێت.

باسی لەوەش کرد، کابینەی نۆیەم یەکێکە لەو حکوومەتانەی کە لەدەستپێکی دامەزارندنی دەوڵەتی عێراقەوە تاوەکو ئێستا بە توانایەکی کەم خزمەتێکی زۆری کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 03-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمێکدا، بەردی بناغەی هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدان لە گەڕەکی (بەرۆشکێ)ـی شاری دهۆک، بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دانا.

ھەواڵی زیاتر