مەسرور بارزانی: ئەرکی حکوومەتە باشترین ڕێگاوبان پێشکەشی هاووڵاتییان بکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت، “دەستمان بەو ڕێکارانە کردووە لەمەودوا ڕێگاوبانەکان لە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دروست بکرێن”. دەشڵێت، “بە گوێرەی ئامارەکان، لەم دواییانە ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمبووەتەوە و ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە”.

ئەمڕۆ دووشەممە، 03-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-ئێتیت دانا. درێژایی ڕێگەکە 26 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 135 ملیار و 584 ملیۆن دینار دروست دەکرێت. بە تەواوبوونی پرۆژەکە، تەواوی ڕێگەی دهۆک – هەولێر دەبێتە دوو ساید.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، “تەواوبوونی ئەم ڕێگەیە، خزمەتێکی زۆر دەگەیەنێتە هاووڵاتییانی باعەدرێ، شێخان، دهۆک، هەولێر و کوردستان بە شێوەیەکی گشتی. هەوڵەکانمان سەرەتایەکە بۆ چاککردنی تۆڕی ڕێگە بەرفراوانەکان و ئۆتۆبانەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان. بە هاوکاریی پسپۆڕانی دەرەوە و توانا ناوخۆییەکان، دەستمان بەو ڕێکارانە کردووە کە لەمەودوا ڕێگاوبانەکان لە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دروست بکرێن”.

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران ئاماژەی پێ کرد، “لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سەرەڕای هەموو ئاستەنگە دارایی و ئابوورییەکان، کارکردنمان لە بواری دروستکردنی ڕێگاوبانەکان ڕانەگرت. بە دڵنیاییەوە بە باشتربوونی بارودۆخی ئابووریی و دارایی، هەموو هەوڵیکمان دەدەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر  و خێراتر ئەم پرۆژانە جێ بەجێ بکەین. هەر وەکوو زۆرێک لە بوارەکانی دیکە، بابەتی فەرهەنگ و کەلتووری بەکارهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێگاوبانەکان زۆر گرنگە”.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، “جێگەی دڵخۆشییە بە گوێرەی ئامارەکان، لەم دواییانە ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەم دەڤەرە کەم بوونەتەوە. سوپاس بۆ خوا، چونکە زۆر جار دەبوونە هۆی گیان سپاردنی شۆفێران، ئازیز و خزم و کەسوکارەکانیان. لە ڕاستیدا ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆش بوون. زۆر پێیان دڵگران بووین و هیوادارام بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە و ڕێگاوبانانە، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم ببنەوە”.

لەبارەی مووچەی فەرمانبەران، سەرۆکوەزیران ئەوەی خستەڕوو، “ئەرکی سەرەتایی ئێمە دابینکردنی مووچەکانیانە؛ بۆ ئەم مەبەستە ئێمە بەردەوام لەگەڵ پەیوەندی و هەماهەنگی داینە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بەرەو کۆتایی بڕوات و کێشەی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارە بکرێت”. 

بەشێکی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و مێهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز، زۆر بەخێربێن؛ زۆر سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم. بە تایبەت بەخێرهاتن و سوپاسی ئامادەبوونی بەڕێز میری ئێزدییان و ئەنجوومەنی ڕۆحانی دەکەم کە لەم رێوڕەسمەدا لەگەڵمان بەشدارن.

زۆر دڵخۆشم ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم کۆدەبینەوە بۆ دانانی بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژەی گرنگ بۆ ئەم دەڤەرە. ئەو پرۆژەیەی ئێستا بەردی بناغەی بۆ دادەنێین، پرۆژەی ڕێگەی “باعەدرێ-ئێتیت”ـە و یەکێکە لەو پرۆژانەی زۆر پێویستە و بەشێکی گرنگی پرۆژەی پێکەوەبەستنی پارێزگاکانمانە بە ڕێگە ستاندارد و باشەکان.

تەواوبوونی ئەم ڕێگەیە، خزمەتێکی زۆر دەگەیەنێتە هاووڵاتییانی باعەدرێ، شێخان، دهۆک، هەولێر و کوردستان بە شێوەیەکی گشتی. هەوڵەکانمان سەرەتایەکە بۆ چاککردنی تۆڕی ڕێگە بەرفراوانەکان و ئۆتۆبانەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان. بە هاوکاریی پسپۆڕانی دەرەوە و توانا ناوخۆییەکان، دەستمان بەو ڕێکارانە کردووە کە لەمەودوا ڕێگاوبانەکان لە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دروست بکرێن.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سەرەڕای هەموو ئاستەنگە دارایی و ئابوورییەکان، کارکردنمان لە بواری دروستکردنی ڕێگاوبانەکان ڕانەگرت. بە دڵنیاییەوە بە باشتربوونی بارودۆخی ئابووریی و دارایی، هەموو هەوڵیکمان دەدەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر  و خێراتر ئەم پرۆژانە جێ بەجێ بکەین. هەر وەکوو زۆرێک لە بوارەکانی دیکە، بابەتی فەرهەنگی بەکارهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێگاوبانەکان زۆر گرنگە.

ئەرکی حکوومەتە بە باشترین شێوە ڕێگاوبانەکان دروست بکات و بیانخاتە خزمەتی هاووڵاتییان. لە هەمان کاتدا ئەرکی هاووڵاتییانیشە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ ڕەچاو بکەن و خۆیان و خزم و کەسوکارەکانیان بپارێزن.

هەروەها بابەتێکی دیکەی گرنگ هەیە دەمەوێت لەسەری قسە بکەم. وەکو ئەوەی دەبینم، نە حکوومەت و نە هاووڵاتی وەکو پێویست گرنگییان پێ نەداوە. ئەویش بابەتی پاراستنی محەرەماتی ڕێگاوبان و ئۆتۆبانەکانە. جێگەی داخە دەبینین زۆر جار هاووڵاتییان، دووکانەکانیان، ماڵەکانیان و شوێنی کەسابەتەکەیان لە نزیک شەقامەکان دروست دەکەن، ئەمەش هەمووی بووەتە مەترسی لەسەر ژیانیان، کەسوکاریان یان منداڵەکانیان. لە لایەکی دیکەشەوە چەندە سیمای ئەم ڕێگا و ئۆتۆبانانەی تێک داوە و هەندێک جار ئاستەنگیش بۆ هاتوچۆ دروست دەکات.

پێویستە بە شێوەیەکی جیددی کار لەسەر ئەم بابەتە بکرێت و ڕێگاکان و دەوروبەریان بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بپارێزرێن. داوا لە هاووڵاتییان دەکەم چی دیکە سیمای ئەم ڕێگاوبان و ئۆتۆبانانە تێک نەدەن و محەرەماتی ڕێگاکان نەبەزێنن. هاوکات داوا لە دامودەزگاکانی حکـوومەت دەکەم بەردەوام چاودێریی ڕێگاکان بکەن، ئەگەر کەسێک نەیزانیبێت یان بە هەر هۆکارێکی دیکە محەرەماتەکانیان بەزاندبێت، هەڵیان گرن و بە تێگەیشتن لەگەڵ یەکتر هەندێک شوێنی دیکەیان بۆ دەستنیشان بکرێن.

جێگەی دڵخۆشییە بە گوێرەی ئامارەکان، لەم دواییانە ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەم دەڤەرە کەمبووەتەوە. سوپاس بۆ خوا، چونکە زۆر جار دەبوونە هۆی گیان سپاردنی شۆفێران، ئازیز و خزم و کەسوکارەکانیان. لە ڕاستیدا ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆش بوون. زۆر پێیان دڵگران بووین و هیوادارام بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە و ڕێگاوبانانە، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم ببنەوە.

ئامادەبووانی بەڕێز، سەرەڕای هەموو سەختی، قەیران و ئاستەنگییەکان، ئێمە لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکان بەردەوام بووین، ڕامان نەگرتوون و بەردەوامیش دەبین.

ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی پەیامێک ئاراستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەم. ئەرکی سەرەتایی ئێمە دابینکردنی مووچەکانیانە؛ بۆ ئەم مەبەستە ئێمە بەردەوام لەگەڵ پەیوەندی و هەماهەنگی داینە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بەرەو کۆتایی بڕوات و کێشەی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارە بکرێت و چی دیکە ئێمە بەم کێشە و گرفتانەوە سەرقاڵ نەکەن، بۆ ئەوەی ئێمەش هێز و توانا سەرەکییەکانمان بۆ خزمەتکردنی خەڵک و پێشکەشکردنی پرۆژەی زیاتر بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بە یەکسانی و بەبێ جیاوازی تەرخان بکەین.

جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیودارام کۆمپانیای جێ بەجێ کار لە کاتی خۆیدا و بە ڕێگەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان جێ بەجێ بکات و ئێوەش سوودی لێ ببینن و ڕۆژ بە ڕۆژ کوردستان بەرەو ئاوەدانییەکی زیاتر هەنگاو بنێت. ئێوە هەر سەلامەت و دڵخۆش بن. کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.

ھەواڵی زیاتر