د. سەباح حەیدەر، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق:هەندێک کەس کۆسپ و تەگەرە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دروست دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

د. سەباح حەیدەر، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی”ھەولێر” دەڵێت: ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر خشتەکانی بودجە دەدات، ئێمەش وەکو فراکسیۆنی پارتی خۆمان باش ئامادەکردووە بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافی کورد بکەین و بتوانین مافەکانی کورد تێیدا جێگیر بکرێت، بۆیە داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکەین بەتایبەت دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی مانگانە لەکاتی خۆی بدرێت.دەشڵێ: ھەر چەندە ھەندێک کەس لەناو وەزارەتی نەوتی عێراق کۆسپ و تەگەرە دروست دەکەن، بەڵام لێکنزیکبوونەوە ھەیە بۆ ئەوەی دووبارە نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێتەوە.

  • کەی دووبارە نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکرێتەوە؟
  • ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بابەتێکی گرنگە، تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ حکوومەتی عێراق، کە بتوانێت ئەو مەلەفە چارە بکات، دوای ساڵێک و دوو مانگ ئەو مەلەفە ھێشتا کۆتایی نەھاتووە، چەندینجار حکوومەتی عێراق بەڵێنی دا کە کۆتایی بە کێشەکە بێنێت و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، بەڵام دیارە لەناو وەزارەتی نەوتی عێراق نەفەسێک ھەیە کە دەیانەوێت ئەو مەلەفە دوابخەن و کۆسپ و تەگەرەی تێ بخەن، ھەناردەکردنەوەی نەوت نەک تەنیا لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە، بەڵکو لە بەرژەوەندی حکوومەتی عێراقە، ھەتا وڵاتانی دەوروبەریشە، بەڵام دیارە وەکو مەلەفی بودجە تێکەڵی سیاسەتیان کردووە، ھەوڵدەدەن تا پێیان بکرێت دوای بخەن، چونکە قەرەبووی چوار سەد ھەزار بەرمیلەکەی ھەرێمی کوردستان لە بەسرە کراوەتەوە.
  • باس لەوە دەکرێت لێکنزیکبوونەوە ھەیە، ئەمە تا چەند ڕاستە؟
    -ئێستا خۆشبەختانە حکوومەتی ئیتحادی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق داوایان کردووە کۆبوونەوەیەکی بە پەلە بکرێت، کۆبوونەوەکەیان کرد، کۆبوونەوەکەش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت بوو کە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، شتێکی باشە و ئەوە دەردەخات کە نیازێکی باش ھەیە بۆ ئەوەی ئەو مەلەفە چارە بکرێت، دوای ئەوەی کە ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ھاتە عێراق، سەردانی بەغدا و ھەولێری کرد، ئەو مەلەفە کرانەوەیەکی دیکەی بەخۆیەوە بینی، لە ئایندەدا ئەو مەلەفە چارە دەکرێت و نەوتی کوردستان ھەناردە دەکرێتەوە.
  • سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا تا چەند گرنگ بوو؟
  • سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو، سەردانی لایەنە شیعەکانی کرد، قۆناغێکی نوێی ڕاگەیاند لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکان، کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان بپارێزێت و ھەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی دەستووری گرنگ لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە، ھەروەھا ئەو کێشە و گرفتانەی کە ھەیە لە نێوان ھەولێر و بەغدا چارەیەکی دیبلۆماسی و سیاسی بۆ بدۆزرێتەوە، تا ئێمەش بتوانین کێشە و گرفتەکانمان چارە بکەین و بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆماندا بگەڕێین.
  • چی لەسەر لایەنە کوردستانییەکان پێویستە بۆ چارەکردنی کێشەکان هەولێر- بەغدا ؟
  • زۆر گرنگە هەموویان پشتیوانی هەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەت بن، چونکە سەرۆکی حکوومەت کاتێک کە قسە دەکات بەناوی ھەموو خەڵکی کوردستانەوە قسە دەکات، تەمسیلی حکوومەتی ھەرێم دەکات، بێگومان ئەگەر ھاتوو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی ئەندامیان لە پەرلەمانی عێراق ھەیە، پاڵپشتی لە ھەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەت بکەن، کێشەکان زووتر چارە دەبن.
  • کەی دەنگ لەسەر خشتەکانی بودجە دەدرێت؟
  • ڕێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان ھەیە، ھەر بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر خشتەکانی بودجەی ٢٠٢٤ دەدات، ئەگەر دەنگی لەسەردرا ئێدی وەزارەتەکان تەمویلی خۆیان وەردەگرن و بودجەی کوردستانیش ڕەوانە دەکرێت، بەوەش کێشەکانی بودجە چارە دەبن.
  • ئایا ھەموو لایەنە کوردستانییەکان لەسەر خشتەکانی بودجە ھاوڕان؟
  • لایەنە کوردستانییەکان ھەموو یەکدەنگن، ئەو پارەی تەرخان دەکرێت بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ھەموو خەڵکی کوردستانە نەک بۆ حیزب و لایەنێک بۆیە پێویستە ئەوەی لەگەڵیش نییە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان بێت تا زۆرترین پارە بۆ ھەرێمی کوردستان بێت، ئێمەش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان خۆمان باش ئامادەکردووە بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافی کورد بکەین و بتوانین مافەکانی کورد تێیدا جێگیر بکرێت، بۆیە داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکەین بەتایبەتی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی مانگانە لەکاتی خۆی بدرێت.
ھەواڵی زیاتر