لەڕووی گەشتیارییەوە دەڤەری سۆران بەرەو جیهانی بوون دەڕوات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای دوو ساڵ و نیو لە ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەرۆکی حکوومەت چەند جارێک سەردانی سنوورەکەی کردووە و بەردی بناغەی بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری داناوە. ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانەی بەردی بناغەیان بۆ دانرا سۆران دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: کاتێک سەرۆکی حکوومەت سەردانی ئیدارەی سۆرانی کرد، کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ ئێمە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا گوێی بۆ داواکاری قایمقام و بەڕێوەبەرە گشتییەکان گرت، ئەو سەردانەی سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتییەکی مەعنەوی بوو و گڕوتینێکی دیکەی بە ئێمەدا، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییان بکەین و زیاتر ببینە پردی متمانەی نێوان ھاووڵاتی و حکوومەت.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی: لە دوای ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە پاڵشتیی سەرۆکی حکوومەت شۆڕشێکی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی لە دەڤەرەکە دەستی پێ کرد، حکوومەت بە دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سۆران جێبەجێ کردووە، ھەروەھا ھەبوونی ئیدارەکان شۆڕکردنەوەی دەستەڵاتەکانە بۆ ئەوەیە بتوانرێت خەڵک کارەکانی خۆی بە ئاسانی ڕایی بکات و چیدی پێویست نەکات بچنە شارەکان، ئامانجی سەرەکی حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە کار ئاسانی بۆ ھاووڵاتییان بکرێت، ڕۆتینیات کەم بکرێتەوە، بۆیە ھەبوونی ئیدارەیەکی سەربەخۆ یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو کابینەیە بەجێگەیاند، ئێستا زۆر بە باشی ئیش و کارەکان کاری لەسەر دەکەین.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ڕێگاوبانەکان شادەماری بووژانەوەی شارن، ھەر پڕۆژەیەک جێبەجێ بکەی دەبێت یەکەمجار ڕێگای بۆ ببەی، ئەو ڕێگاوبانانەی کە شاری سۆران بە شوێنەکانی دیکە دەبەستێتەوە وەکو پێویست نەبوون، بۆیە یەکەم ھەنگاو ئەوەیە کە دەبێت ڕێگاوبانەکان چاک بکرێن، پاشان پڕۆژەکانی دیکە جێبەجێ بکەی، پڕۆژەی ستراتیژی سپیلک – خەلیفان وای کرد سۆران ببەسترێتەوە بە ھەولێری پایتەخت و شارەکانی دیکە، ئەمەش وای کرد قەرەباڵغی و ئاستەنگی ھاتووچۆ لە سنوورەکە کەم ببێتەوە.
لەبارەی دانانی بەردی بناغەی چوار پڕۆژەی ستراتیژی لەلایەن سەرۆکی حکوومەت، ھەڵگورد شێخ نەجیب، گوتی: سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی چوار پڕۆژەی لە سۆران دانا کە بریتین لە ڕێگای دووسایدی ٤٠ مەتریی ھۆڵی بۆنەکان و شەھیدانی ئازادی، پارکی ناوشار، پارکی نیشتمانی و ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران، بە تەواوبوونی پڕۆژەی شەقامی ٤٠ مەتریی ھۆڵی بۆنەکان ٨٠%ـی فشاری ھاتووچۆ لە سۆران کەم دەکاتەوە، ئامانجی دروستکردنی ئەو بەرزە پردەی کە دەکەوێتە دەروازەی شار بۆ ئەوەیە کە قەرەبالغی دروست نەبێت و سیمایەکی جوانتریش بە شارەکە ببەخشێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشکراشی کرد: لەبەرنامەی ئێمە و سەرۆکی حکوومەت دایە ڕێگای ھامڵتۆن بکرێتە دوو ساید، دیزاین و پلانەکانی تەواو کراوە و ڕادەستی سەرۆکی حکوومەت کراوە، سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگی بە ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن دەدات کە بکرێتە دوو ساید، ڕێگای ھامڵتۆن دەروازەی حاجی ئۆمەران و ئیدارەی سۆران بە ھەولێر و دھۆک دەبەستێتەوە، بەڵام کارکردن لەو ڕێگایە کارێکی ئاسان نییە، لە ھەمان کاتدا لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەبێت ورتربین، کوالیتی پڕۆژەکانیش باشتر بکەین.
ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەو ئاراستەیەن کە ھەنگاوی یەکەم ڕێکخستنەوەیەکی گشتگیر بۆ کەرتی گەشتیاریی بکرێت، ھەر بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵێک پڕۆژەی سەرنجڕاکێش لە ئیدارەی سۆران جێبەجێ کراون. ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێم ھەموو کات جەخت لە فرەچەشنی سەرچاوەکانی داھات دەکاتەوە، یەکێک لەو سەرچاوە داھاتانەی کە سەرۆکی حکوومەت گرنگی زۆر پێ دەدات، بابەتی داھاتی گەشتیارییە، لە سنووری ئیدارەی سۆران بە دەیان ناوچەی دڵڕفێن و خۆش ھەن، خاوەن ناوچەیەکین لە ھەر چوار وەرزی ساڵ دەتوانین سوود لە گەشتیاران وەربگرین، لەڕووی شوێنەوارەوە بە دەیان شوێنەواری گرنگ لە ناوچەکە ھەن، سەرۆکی حکوومەت ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ماستەرپلانی گەشتیاری دەکات و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە، جێبەجێکردنی پڕۆژە گەشتیارییەکان لە ئیدارەی سۆران ھەلی کاری لە ناوچەکە ڕەخساندووە.

ھەواڵی زیاتر