سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مەسرور بارزانی خەڵاتی شەرەفی خۆڕاگریی بە كچە كوردێكی ئێزدی دا

لە میانەی رێورەسمی ده‌رچوونی خولێكی نوێی قوتابیانی زانكۆی ئه‌مریكیی كوردستان له‌ دهۆك، مەسرور بارزانی، پێش پێشكەشكردنی گوتارەكەی خەڵاتی شەرەفی خۆڕاگریی بە كچە كوردێكی ئێزدی دا

مەسرور بارزانی رای گەیاند: “جێی شانازییە كە ئێستا خەڵاتی شەرەفی خۆڕاگریی بە دەرچووی بەڕێوەبردنی كارسازی شیرین خێرۆ خودێدا ببەخشم.”

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتیشی: “بەسەرهاتی شیرین چیرۆكێك و جورئەتێكی كەموێنەیە. پاش زەحمەت و خۆڕاگریی و چەندین ساڵ دیلیی دەستی داعش، شیرین بوو بە هێما و نیشانەی هێڤی و خۆڕاگریی كەسوكاری ئێمەی ئێزدی. ڕژدبوونی شیرین لەسەر بەردەوامی پێدان بە خوێندنی خۆی، هاندان و ئیلهامە بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئازاری مەزن دەبن.”

ئاماژەی بە ئەوەش دا: “حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام ڕژدە لەسەر پابەندبوونی خۆی بە پشتیوانیكردنی هەموو ئەو كچ و ژنە ئازایانەی ئێزدی تا دووبارە لەنێو كۆمەڵگەدا جێی خۆیان بگرن. با چیرۆكی شیرین ببێتە پەیامێكی بەهێز تاوەكوو ئێمە هەموومان، بە تایبەتیش وەك خێزان، كچانی خۆمان بۆ خوێندن هان بدەین، چونكە دەنگی ئەوان و بەهرە و توانایی ئەوان، بۆ ئاواكردن و پاشەڕۆژێكی گەش بۆ كوردستان گرنگ و فەرە.”