سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، جەختیان کردەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک، پێشوازی لە دەیڤد بێرگر هەڵسوڕێنەری کارباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا كە مارک ستڕۆ کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم ئامادە بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەشێوەیەک کە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووریی و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت. لەمبارەیەوە سەردانی حەفتەی ڕابردووی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا و دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرکردەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ، بە هەنگاوێکی ئەرێنی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵسەنگێندرا.

هەروەها جەختکردنەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.