وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێوشوێنی مۆڵەتی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار مۆڵەتی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو دەداتە ئەو خاوەنزەوییانەی ماوەیەكی درێژە چاوەڕوانی ئەو بڕیارەن كە هەرگیز بەرانبەر حكومەتی خۆیان نائومێد نەبوون و دەیانزانی بەپێی توانا، هەموو داواكانیان جێبەجێ دەكرێت.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی هەموو شار و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستانی ناردووە، ئەو مەرجانە خراونەتە ڕوو، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە مۆڵەتی دروستكردنی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو سوودمەند بن.

ساسان عەونی لە ڕوونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، بۆ پاراستنی فرەچەشنیی كۆمەڵایەتی و ڕێگەگرتن لە جیاوازیی چینایەتی و ڕێكخستنەوەی ژینگەی ئاوەدانیی شار و شارۆچكەكان لە چوارچێوەی پێوەرە پلانسازییەكاندا، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتیی هاووڵاتییان، ئەم بڕیارە دەرچووە.

مۆڵەت بە دروستكردنی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو، داوایەكی لەمێژینەی ئەو خاوەنزەوییانەیە، لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەیان كۆبوونەوە و گۆڕینەوەی سەرنج لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناو وەزارەت و دەرەوەی وەزارەت كراوە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بڕیار لە بەرژەوەندیی ئەو خاوەنزەوییانە بدرێت و لایەنی ماستەرپلانی شارەكان و جەنجاڵیی گەڕەكەكانیش ڕەچاو بكرێت.

لە ڕوونكردنەوەكەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاردا، تەواوی ئەو مەرجانەی تێدایە كە پێویستە شارەوانیی پەیوەندیدار و خاوەنزەوییەكان پێوەی پابەند بن، لەوانە نابێت هیچ زەوییەك كە دابەش دوو دەكرێت، لە ٢٠٠ مه‌تر دووجا كەمتر بێت و پێویستە ڕووكاری هەر پارچە زەوییەكیان لە پێنج مەتر كەمتر نەبێت و دەبێت ڕووبەری هەر زەوییەكیش دوای دابەشكردنی بەلانی كەمەوە ١٠٠مه‌تر دووجا بێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و سەرۆكایەتیی هەموو شارەوانییەكان كردووە، ڕەچاوی لایەنی تەندروستی و ژینگە و ڕێژەی سەوزایی بكەن و بەوردی و خاڵ ڕوونی كردووەتەوە، ئەوەش خراوەتە ڕوو كە لەمەوپاش تەنیا كار بەم ڕوونكردنەوەیە دەكرێت.

لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، تەواوی ئەو داوایانەی هاووڵاتییان بۆ چارەسەری كێشەی زەوییەكانیان هەیان بوو، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار چارەسەری كردوون و ئێستاش لە ڕێی لیژنەكانییەوە سەرقاڵی ئامادەكردنی داتای تەرخانكردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەراندا، لە چوارچێوەی ئەو بەڵێن و مژدەیەی سەرۆكوەزیران بە تەواوی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دابوو.