هه‌ولێر…كۆبوونه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بۆ پێشوازیكردن له‌ زیاره‌تكارانی ئێرانی به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2/6/2024، به‌ سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و به‌ ئاماده‌بوونی هێمن قادر و مه‌سعود كاڕه‌ش جێگرانی پارێزگاری هه‌ولێر و ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د یاریده‌ده‌ری پارێزگار و هێمن میرانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌زاره‌تی ناوخۆیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر و نوێنه‌ری ده‌زگای خێرخوازی بارزانی و سه‌رپه‌رشتیاری ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران و بەرێوەبەری گشتی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر و نوێنه‌رانی هاتووچۆ و ئاسایش و پۆلیس و گواستنه‌وه‌ و گه‌شیاریی و ئه‌وقاف و ته‌ندروستی و بازگه‌ و ده‌روازه‌كان، كۆبوونه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بۆ پێشوازیكردن له‌ زیاره‌تكارانی چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێن به‌ڕێوه‌چوو.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ مەبەستی كارئاسانیكردن بوو‌ بۆ زیارەتکارانی ئێران و به‌شدارییان له‌ چله‌ی ئیمام حوسێن كه‌ بڕیاره‌ لە رێگەی دەروازە سنوورییه‌كانی حاجی ئۆمەران و ته‌مه‌رچینه‌وه‌ سه‌ردانی‌ شوێنه‌ پیرۆزه‌كان له‌ باشووری عێراق بكه‌ن.
هه‌روه‌ها ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌ی زیاره‌تكاران و دابینكردنی شوێنی حه‌وانه‌وه‌‌ و خواردن و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان بۆیان دواتر گواستنه‌وه‌یان بۆ هه‌ولێر و پاشان به‌ڕێكردنیان به‌ره‌و شاری به‌غدا جەختی لەسەر کرایەوە.

له‌میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر دووپاتیکردەوە، كه‌ پێویسته‌ ئاماده‌كاری ته‌واو بكرێت بۆ پێشوازیكردن له‌ زیاره‌تكاران و داواشیكرد، هه‌موو ئاسانكارییه‌ك له‌ كاتی هاتنیان تاكو گه‌ڕانه‌وه‌یان پێشكه‌ش بكرێت.