هاتووچۆی هەولێر بڕیارێکی توند بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژینگە پیس دەکەن دەردەکات

هاتووچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەی دووکەڵ دەکەن دەستیان بەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکانیشیان سزا دەدرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2024. عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، ڕاگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دووکەڵ دەکەن، بەتایبەت بارهەڵگری گەورە و بچووک وەک “کیا دوو تەنی” و ئەوانی دیکە، دەستیان بەسەردا دەگیرێت، سزا دەدرێن و خاوەنەکانیشیان ناچار دەکرێن ئۆتۆمبێلەکانیان چاک بکەنەوە.

بەگوتەی ئەو گوتە بێژەی هاتووچۆی هەولێر، ” مەفەرەزەکانمان ڕۆژانە چاودێریی شەقامەکان دەکەن، هەر ئۆتۆمبێلیک دووکەڵ بکات، لەلایەن تیمەکانی هاتووچۆ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و دەستگیریش دەکرێت. چەندان جاریش لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر هۆشداریمان بڵاوکردووەتەوە”.

د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، “ئەو دووکەڵە زیانبەخشانەی ئۆتۆمبێلەکان دەری دەدەن، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی هەناسەی هاووڵاتییان دروست دەکەن و ئەوانەی نەخۆشی تەنگەنەفەسییان هەیە باری تەندروستییان بەتوندی تێک دەچێت؛ هەرچەندە ئێمە وەکو وەزارەت چەندان جار کۆبوونەوە و گفتوگۆمان لەگەڵ  دەستەی ژینگەدا کردووە سەبارەت بەو باسە”.

لای خۆیەوە دڵشاد محەممەد، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر، گوتی: “ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دووکەڵی زیانبەخش دەردەدەن، ئێمە پێشتر سزایانمان دەدا، بەڵام لە ساڵی 2022وە، بەڕیوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، سزای ئەو ئۆتۆمبێلانی وەرگرتەوە و ئەوان لای خۆیانەوە دەبێت سزایان بدەن چونکە هۆیەکن بۆ پیس بوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی”.

ھەواڵی زیاتر