بەربەستی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

جارێکی دیکە بۆ دابینکردن و زامنکردنی ماف و شایستەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، چارەکردنی ڕیشەیی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەی نەھاتووی ھێزە ئەمنییەکان، پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت و گەنمی جووتیاران و چەند پرسێکی دیکە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان بوون لە بەغدا. پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ھەرێمی کوردستان نیەتی جیددی بۆ چارەکردنی سەرجەم کێشەکان لەگەڵ بەغدا ھەیە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆبوویەوە. لە کۆبوونەوەکانیدا، جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕان و پێشھاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی پێویستی چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی دابینکردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کرایەوە، ھەروەھا برەودان بە ھاوکاری و ھاوئاھەنگیی نێوان ھەردوولا لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان بوو.
چاوەڕوان دەکرێت سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان سەردانێکی بەرھەمدار بێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەبەستیەتی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بگاتە ئەنجام و خەڵکی ھەرێمی کوردستان وەکو ھەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق شایستەداراییەکانیان وەربگرن. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس “تویتەری پێشوو” نووسیوویەتی: لە سەردانمدا بۆ بەغدا دووپاتم کردەوە کە ئێمە ھەمیشە ئامادەین بۆ چارەکردنێکی بنەڕەتییانەی کێشە و ناکۆکییەکان بەپێی دەستوور و ڕێککەوتنەکان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: کۆبوونەوەکان ھەموو باش و ئۆمێدبەخش بوون، ھەموو ھەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی بەغدا بابەتی مووچە بەھیچ شێوەیەک تێکەڵی بابەتە سیاسییەکان نەکات، ئەوەی لەسەر ھەرێم بووە جێبەجێمان کردووە، ئێستە لەسەر بەغدا ماوەتەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بەرپرسیارەتی خۆیان جێبەجێ بکەن.
نەوزاد حەمید، چاودێری سیاسی، دەڵێت: ھەموو لایەنەکانی عێراق بە گەرمی پێشوازیان لە سەرۆکوەزیرانی کوردستان کرد، چونکە دەزانن بە ھەر سەردانێکی سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆ بەغدا ھەنگاوێک بۆ چارەکردنی یەکجارەکی کێشەکان نزیکمان دەکاتەوە.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: پێویستە لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان پشتیوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، چونکە ئەو گفتوگۆیانە و جێبەجێکردنی ئەو مافانە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە، پێویستە لەگەڵ ھەنگاوە دەستوورییەکانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان بن چونکە داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکات.
پێشەوا ھەورامانی، گوتەبیژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: ھەرێمی کوردستان نیەتی جیددی و ڕاستگۆیانەی ھەیە بۆ چارەکردنی سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، ھەروەھا پاراستنی مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی کابینەکەی لەم ڕوانگەیەشەوە بۆ ھەموو گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە دەستپێشخەرین.
ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا چارەکردنی کێشەکانە لەسەر بنەمای دەستوور و جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانە لە پرسە سیاسییەکان.ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بۆ چارەکردنی ئەو کێشانەیە کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھێشتا ماونەتەوە.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: چەندین کێشە ماون کە تا ئێستە چارە نەکراون، مەسرور بارزانی ڕژدە لەسەر ئەوەی بە سەردانیکردنی بۆ بەغدا مافی خەڵکی کوردستان و مووچەخۆران وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەوە مافێکی دەستوورییە، بەڵام نا تێگەیشتنی ھەندێ لە سیاسەتمەداران لە بەغدا ڕێگە نادات بەشێکی زۆر لەو کێشانە چارە ببێت، زۆر گرنگە لەڕێگەی دەستوورەوە ئەو کێشانە چارە بکرێن.
لەبارەی پرسی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: یاسای بودجە لە بابەتە گرنگەکانی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدانە، چەند ڕۆژێکی دیکە دەنگ لەسەر بودجە دەدەین، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەو سەردانەی بۆ بەغدا قسەی لەسەر پرسی بودجە و مافەکانی خەڵکی کوردستان کرد و ھەموو ھەوڵێک دەدات مافی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا زۆرێک لە کێشەکان چارە دەکات، دەشڵێت، ئێستە تێگەیشتنێک بۆ چارەی کێشەکانی کوردستان ھەیە، بەڵام کێشەی جێبەجێکردنیش ھەیە، بۆیە بەردەوام سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دێنە بەغدا.

ھەواڵی زیاتر