واسیتەکاری بۆ دەرچوواندنی قوتابییان خەریکە لە حاڵەتەوە بۆ دیاردە دەگۆڕدرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

خەریکە تاقیکردنەوەکان لە زۆربەی قۆناغەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و بەشێک لە قۆناغەکانی خوێندن تەنانەت دەرەنجامی تاقیکردنەوەکانیان پێ دراوە و یەکلایی بووەتەوە کە قوتابیان لە کام وانە کەوتوون و لە کام وانە نمرەی قبوڵییان هێناوە.

دەرەنجامەکان بەرهەمی ساڵێک شەونخوونی و خوێندن و وانەگوتنەوە و ماندووبوونی قوتابییان و مامۆستایان و دامەزراوە پەروەردەییەکان و خێزانە، دواجار ئەوە دەدروێتەوە کە چێندراوە و هەر قوتابییەی بە پێی ئاست و تواناکانی خۆی دەرەنجامی خوێندنی ساڵێکی وەردەگرێتەوە.
کۆمەڵێک مامۆستا لە بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەی ”هەولێر” قسەیان کردووە و لە پەرەسەندنی حاڵەتێکی ناشارستانی لە کەرتی پەروەردەی کوردستان ئاگاداریان کردووەتەوە و دەڵێن ئەگەر هەمووان مشووری نەخۆن حاڵەتەکە بۆ دیاردە دەگۆڕدرێت و ئەمەش زیان بە داهاتووی پەروەردە و کۆمەڵگە و چارەنووسی قوتابییان دەگەیەنێت، ئەوان کە پێیان باش نەبوو ناویان ئاشکرا بکرێت باسیان لەوە کرد گوشارێکی زۆر دەخرێتە سەر مامۆستایان بۆ ئەوەی قوتابییان لە وانەکان دەرچوێنن و ڕێ لە کەوتنیان بگرن.
باوانی قوتابیان لە چوارچێوەی خزمایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ مامۆستایان یان هەر هۆکارێکی تر تەکلیف لە مامۆستایان دەکەن منداڵەکانیان دەرچوێنن و هەندێک جار ئەو تەکلیفە لە بەڕێوەبەری قوتابخانە دەکرێ و بەڕێوەبەر تەکلیف لە مامۆستایان دەکات هاوکاریی قوتابییەک بکەن، مامۆستایانیش بەپێی ئەو بەرپرسیارێتییەی هەیانە ناخوازن جیاوازی لە نێو قوتابییە دەرنەچووەکاندا بکەن و ئامادە نین هیچ نمرەیەک بدەن هەرچەندە هەندێک مامۆستا هەن لەبەر شەرم و ئەو تەکلیفەی لێیان دەکرێ لە ناچاریان نمرە دەبەخشن و ئەو قوتابییانە دەردەچوێنن کە مافیان کەوتن بووە نەک سەرکەوتن.
یەکێک لەو مامۆستایانە باسی لەوە کرد کە تەکلیفێکی زۆریان لێ دەکرێ بۆ ئەوەی نمرە بدەن بە هەندێک لە قوتابیان و تەنانەت واسیتەی گەورە دەکرێ بۆ ئەوەی بەڵکو قوتابییەک دەرچوێنن کە فڵان کەس داوای کردووە دەرچوێندرێت یان منداڵی فڵان کەسە و پێویستە هەر چۆنێک بێت ئەو قۆناغە سەربخسترێت.
ئەو ڕوونی کردەوە مامۆستا دوژمنایەتییان لەگەڵ هیچ قوتابییەکدا نییە و ئارەزووی هەموو مامۆستایەکە قوتابییەکانی بە بەرزترین نمرە دەربچن و قۆناغەکانی خوێندن یەک لە دوای یەکتر بە سەرکەوتوویی ببڕن بەڵام ئەگەر قوتابییەک بەراستی تەمبەڵ و لاواز بێت و لە زۆربەی وانەکان کەوتبێت ئەوا ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە لە مامۆستا هەبێت نمرەی تەواو بە قوتابی بدات و بە هەر هۆکارێک دەرچوێندرێت.
جگە لەمە وەک مامۆستایان باسیان کرد بە گوێرەی توانا و پێویست هاوکاری قوتابی دەکەن بۆ نموونە لەوانەیە قوتابییەک پێویستی بە نیو نمرە هەبێ بۆ ئەوەی لە وانەیەکی دەرچێت ئەوا دەرفەتێک هەیە بۆ دەرچوواندن بەڵام کاتێک قوتابییەک لە چل نمرەی تاقیکردنەوەکانی ساڵ تەنیا پێنجی وەرگرتووە و لە شەستەکەش دە نمرەی هێناوە و کۆی نمرەی بووەتە پازدە نمرە، ناکرێ تەکلیفی ئەوەیان لێ بکرێ سی و پێنج نمرەیان بۆ زیاد بکەن.
مامۆستایەک گوتی؛ بەداخەوە هەندێک لە مامۆستایان نمرە دەدەن بە قوتابیان و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ دەرچوونیان دەکەن و ئەمەش وا دەکات مافی هەندێک لە قوتابیان بفەوتێت و ناکرێ قوتابییەکی تەمبەڵ کە لە پێنج وانە کەوتووە هاوکاری بکرێ ودەربچێت بەڵام قوتابییەکی تر کە ئاستیشی زۆر باشە بەڵام لە دوو وانە کەوتووە هاوکاری نەکرێت.
ئەگەر قوتابی بە پشتبەستن بە تواناکانی خۆی دەربچێت ئەوا لە قۆناغی دوازەی ئامادەیی کە تاقیکردنەوەکان نیشتمانین ئەوا زەرەر دەکات، چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت یارمەتی بدات و هەر دەبێت بە پشتبەستن بە تواناکانی خۆی دەربچێت و ئەگەر ئاستە زانستییەکەی نزم بێت ئەوا هەرگیز ناتوانێت ئەو قۆناغە ببڕێت.
چ باشتر قوتابی دوو ساڵ لە یەک قۆناغدا بمێنێتەوە بەڵام ئاستە زانستییەکەی پێش بخات و بە توانایەکی زیاتر قۆناغەکانی خوێندن ببڕێت نەک بە واسیتە و دەست ماچکردنی ئەم و ئەو هەموو ساڵێک ببڕێت و دواتر تووشی لەمپەرێکی گەورە ببێتەوە.
مامۆستایان داوا لە دایک و باوکان دەکەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان دەرچووێندرێت هانا بۆ واسیتە و پاڕانەوە و گوشارخستنە سەر مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان نەبەن چونکە خۆی ئەم جۆرە یارمەتییە دیاردەیەکی زۆر ناشارستانییە و ناکرێ بە یەک چاو سەیری قوتابیی زیرەک و تەمبەڵ بکردرێت و هیچ کۆمەڵگەیەکیش پێویستی بەوە نییە هەمووان بچنە زانکۆ و هەمووان بڕوانامەی بەرز وەربگرن.

ھەواڵی زیاتر