کارگەی زووم ئەزموونێکی کەم و خواستێکی زۆر لە بازاڕدا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

یەکەمین ساڵیادی کارگەی زوومە بۆ شیرەمەنی، کردنەوەی ئەو کارگەیە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بوو بۆ زیاتر گرنگی دان بە جووتیار و گوندنشینانی ھەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەلامستەفا بارزانی، کە یەکەمین کارگەیە ھەتا ئێستە بەرھەمەکانی سروشتینە و ١٠٠% پشت بە بەرھەمە خۆماڵییەکان دەبەستێت. بەرپرسانی ئەو کارگەیە، دەڵێن، کوالیتی بەرھەمەکانی زووم زۆر جیاوازە لەگەڵ بەرھەمەکانی دیکە، چونکە ھیچ ماددەیەکی کیمیای تێدانییە و ١٠٠% سروشتین.

یەکەمین ساڵیادی کارگەکە کرایەوە
بە بەشداریی مەلامستەفا بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و نوێنەرانی وڵاتان، ڕێوڕەسمی یەک ساڵەی کارکردنی کارگەی زووم کرایەوە، لەو ماوەیەدا کارگەکە توانیویەتی خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لەلایەن کۆڕبەندی بازرگانیی نیشتمانیی عێراقی بباتەوە لەگەڵ بەدەستھێنانی سێ بڕوانامەی نێودەوڵەتیی لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ستاندارکردن.
پڕۆژەی وەبەرھێنانی کارگەی زووم بۆ بەرھەمە شیرەمەنییەکان کە مۆڵەتی یاسایی کارکردنی بە ژمارە ١١٤٥ لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە دەستەی وەبەرھێنان وەرگرتووە، لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە گوندی ژاژووکی دەڤەری بارزان سەر بە شارۆچکەی مێرگەسۆری باکووری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر کرایەوە.
پڕۆژەی زووم لەسەر ڕووبەری سێزدە ھەزار و چل و شەش مەتر دووجا بنیاد نراوە، ھەموو ئامێرەکانی ناو کارگەکە لە باشترین جۆر دروست کراون و بەرھەمی ڕۆژانە بیست تۆنە و توانای ھەیە بیگەیەنێتە پەنجا تۆن.
سەرچاوی بژێوی و دەستی کارە
لە کارگەی زووم بایەخێکی تایبەت بە پشکنینی لایەنە تەندروستییەکانی بەرھەمەکان دراوە و لەناو کارگەکەدا تاقیگەیەکی تایبەت ھەیە بۆ پشکنینی ئەو شیرەی دەگەیەنرێنە کارگەکە بۆ دڵنیابوون لە کوالیتییەکەی، ھاوکات پشکنین بۆ بەرھەمە بەرھەمھێنراوەکانیش دەکات.
لەوەتەی کارگەکە کەوتووەتە کار، بە تێکڕا ڕۆژانە ھەشتا کەس بۆ زیاتر لە ساڵێک کاریان کردووە و لە قۆناغی داھاتوو سێ سەد دەرفەتی کاری دیکەش دەڕەخسێنێت، ھەروەھا زیاتر لە دوو ھەزار و حەوت سەد خێزان سوودمەندن.

داھاتێکی بەردەوام بۆ گوندنشینان
ئامانجەکانی کارگەی شیرەمەنی زووم، دابینکردنی داھاتێکی بەردەوام بۆ گوندنشینان و ئاژەڵداران بە کڕینی شیری ئاژەڵەکانیان کە کۆدەکرێتەوە لە ٢٦ بنکەی کۆکردنەوە کە لەلایەن کارگەی زووم دروست کراون، بەرھەمەکانی زووم کاریگەرییەکی باشی دەبێت لە سووڕی سەرمایەی لە ناوخۆدا ڕێگرە لە چوونە دەرەوەی سەرمایە بەھۆی ھاوردەکردنەوە، ئەمەش کاریگەی لەسەر بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات ھەبووە.

ئاژەڵداران ستایشی پڕۆژەی شیرەمەنی زووم دەکەن
ئاژەڵداران، دەڵێن: سوودێکی زۆرمان لە پڕۆژەی شیرەمەنی زووم بینیوە، ھەر وەکو ئەوەی مووچەیەکمان ھەبێت و مانگانە لە کاتی خۆی وەربگرین، ڕۆژانە شیری ئێمە پشکنیکی بۆ دەکرێت، ئەوەش بۆ ئاژەڵەکانی ئێمە زۆر باشە، چونکە ئاژەڵەکان ھەر نەخۆشییەکیان ھەبێت بەھۆی پشکنین بۆ شیرەکەی نەخۆشییەکەیان لێ بەدەردەکەوێت.
ئاژەڵداران، سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن، وەکو خۆیان دەڵێن، پێش کردنەوەی ئەو کارگەیە نەمان دەزانی چ لە شیری ئاژەڵەکانمان بکەین، ئێستە بە ھەبوونی ئەو کارگەیە شیری ئاژەڵەکانی ئێمە کۆدەکرێتەوە، ئەوەش کارێکی زۆر باشە و ھیوادارین کارگەی لەو جۆرە زیاد بکرێن، چونکە ھەم ئاژەڵداران، ھەمیش جووتیاران سوودمەند دەبن.

دەتوانێت ڕکابەری بەرھەمەکانی جیھان بکات
ئەحمەد زاھیری، کونسووڵی ئیمارات لە ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، بە دڵنیاییەوە خەسڵەتەکان و ئاستی بەرھەمھێنانی زووم دەتوانێت ڕکابەری بەرھەمەکانی جیھان بکات، پشتیوان بەخوا ئەم بەرھەمانە دێنە ئیمارات و وڵاتانی دیکەی جیھان، ئاھەنگی داھاتوو لە ئیمارات دەبێت، بۆ پشتیوانیکردنی بەرھەمەکانی زۆم لە ئیمارات و وڵاتانی کەنداو.
لە چوار ساڵی ڕابردوودا یازدە پڕۆژەی گەورەی ستراتیژی لە بواری بەروبوومە شیرەمەنییەکان دامەزراون.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری کشتوکاڵ سەرکەوتنی گەورەی بە دەستھێناوە و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران بەردەوام پشتیوانیی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و کەرتی کشتوکاڵ کردووە، بەتایبەت بۆ پێشخستنی بەرھەمە ناوخۆییەکان لە بوارەکانی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ.
دەشڵێ: لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا دە بۆ یازدە پڕۆژەی گەورەی ستراتیژی لە بواری بەروبوومە شیرەمەنییەکان دامەزراون، زووم، یەکێکە لە نموونە ھەر جوانەکانی لە کاتێکدا ئەو کارگەیە جگە لەوەی کە توانیویەتی ڕێژەیەکی زۆر کە نزیکەی دوو ھەزار گوندنشین لە چواردەوری خۆی کۆبکاتەوە لە ھەمان کاتدا بەرھەمێکی باش ڕەوانەی بازاڕەکانی کوردستان دەکات.
وەبەرهێنان لە کوردستان
ھەر لە ڕێوڕەسمی یەک ساڵەی تەمەنی پڕۆژەی زووم، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان لەبارەی پڕۆژەکە، ڕاگەیاند، پڕۆژەی زووم بۆتە مایەی بووژانەوەی داھات و ئابووریی خەڵک، ئەمە ئاماژەیەکی باشە، کارگەی زووم تێڕوانین و ڕێنمایی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جێبەجێ دەکات لە ھەمەچەشنکردنی داھات و پشتبەستنی خەڵک بە تواناکانی خۆیان، ھاوکات، وتەکەی سەرۆک بارزانی جێبەجێ دەکات بۆ ئەوەی خەڵک فێری کار بکرێت، کە ئەمە بنەمایەکی بەھێزە بۆ کارکردنی خەڵک.

محەممەد شوکری، زیاتر گوتی: لەڕووی ناوبانگی ھەرێمی کوردستانیش، کارگەی زووم کە بەرھەمی ١٠٠% سروشتییە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەوەی ناوبانگی ھەرێمی کوردستان لەڕووی بازرگانیی و بەرھەمەوە بەرەو پێشتر ببات.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، ئاشکراشی کرد: ھەرێمی کوردستان لە سایەی حکوومەتی ھەرێم لە نزیکەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە بواری وەبەرھێنان پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، کەرتی کشتوکاڵ پێشتر لە داتاکانی دەستەی وەبەرھێنان، ١،٤٪ بوو، ئێستە نزیکبووەتەوە لە ١٠٪ـی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێداگرن لەسەر ئەوەی سوودی زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵ وەربگیرێت بۆ زیادکردنی داھات و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات لە ھەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر