بە بڕیاری مەسرور بارزانی، یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری نۆژەن دەكرێتەوە

لەسەر فەرمانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ڕەزامەندى درا بە تەرخانکردن و خەرجکردنى گوژمەى (1 ملیار و 761 ملیۆن و 716 هەزار دینار) بەشێوەى نەختینە و قۆناغ لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى گۆڕینی چیمەن و نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی شەهید “فەڕەنسۆ هەریری” پارێزگاری هەولێریش ڕایدەگەێنێت، دواى کۆتاهاتنى خولى نایابى عێراقى ئەمساڵ ڕاستەوخۆ دەست بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکە دەکرێت.

لە راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێردا ئاماژە بە ئەوە دراوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2024.6.1، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانى یانەی وەرزشی هەولێری کرد و لەلایەن سەرۆك و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە پێشوازی لێکرا

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵیان، دەستخۆشى لە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی و سەرپەرشتیار و یاریزانان و راهێنەرانی یانەکە کرد بەرامبەر هەوڵ و ماندووبونییان کە توانیان لە ماوەیەکى کەمدا دەستکەوتێکى باش لە یاریەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەدەست بهێنن و یانەکە بگەێننەوە بە ئەنجامێکی باش، ئومێدیشی خواست ئاستی یانەکە زیاتر بەرزبێتەوە و سەرکەوتنی پتر بەدەستبهێنن.

پاشان تیشکى خستەسەر ئەوەى کە لە 18ى شوباتى ئەمساڵ لە یادی (23) ساڵەی شەهیدی سەرکردە “فەڕەنسۆ هەریری”، بڕیاردرا چیمەنی یاریگەکە بگۆڕدرێت و دەست بەنۆژەنکردنەوەی یاریگاکە بکرێت، لە ئێستادا دیارى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ یانەى هەولێر ڕەزامەندى لەسەر دراوە، کە بە گوژمەى (1 ملیار و 761 ملیۆن و 716 هەزار دینار)، دواى تەواوبوونى خولى نایابى عێراقى ئەمساڵ ڕاستەوخۆ دەست دەکرێت بە پڕۆژەی گۆڕینی چیمەن و نۆژەنکردنەوەی یاریگەی شەهید “فەڕەنسۆ هەریری.

یاریگای “شەهید فەڕەنسۆ ھەریری” یاریگایەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و بەدووەم گەورەترین یاریگایی وەرزشی دادەنرێت لە عێراق، لە ساڵی 1956 لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لە کۆتای ساڵی 2001 بەناوى شەهید “فەڕەنسۆ ھەریری” کراوە، لە ساڵی 2009 بۆتە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا ئەو یاریگایە بۆتە بەشێكی دیار و بەرچاوە لە مێژووی هەولێر و جێی شانازی هەموو وەرزشوان و وەرزش دۆستانە