وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق: له‌م هه‌فته‌یه‌دا گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرین

وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌م هه‌فته‌یه‌دا گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرن؛ ده‌شڵێت، پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك دوایین پارێزگاكانی عێراقن كه چاوه‌ڕوانن‌ به‌رهه‌می گه‌نمی جووتیارانیان وه‌ربگیرێت.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 1ـی حوزه‌یرانی 2024) حه‌یده‌ر كه‌رعاوی، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانه‌وێڵه‌ له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق ڕایگه‌یاند، پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی به‌رهه‌می گه‌نمی جووتیاران به‌رده‌وامه‌ و تاوه‌كوو 20ـی ئایاریش بڕی 515 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ سایلۆكان وه‌رگیراوه‌.

كه‌رعاوی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند، تا ئێسته‌ هیچ بڕه‌ گه‌نمێكی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیان وه‌رنه‌گرتووه‌ و له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ست ده‌كرێت به‌ وه‌رگرتنی به‌رهه‌می گه‌نمی جووتیارانی پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك.

به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانه‌وێڵه‌ له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق گوتیشی، پارێزگای كه‌ركووك به‌ به‌رهه‌مهێنانی بڕی 495 هه‌زار تۆن گه‌نم، له‌ پله‌ی سێیه‌می پارێزگاكانی عێراق بوو له‌ ڕووی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نمه‌وه له‌ ساڵی ڕابردوودا‌، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ نه‌ینه‌وا به‌ بڕی 927 هه‌زار تۆن و سه‌ڵاحه‌ددین به‌ بڕی 830 هه‌زار تۆن له‌ پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌مدا بوون.

ڕۆژی (یه‌كشه‌ممه‌ 5ـی ئایاری 2024)، محه‌ممه‌د شییاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، به‌ ئاماده‌بوونی عه‌باس جه‌بر ئه‌لمالیكی وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق، پێشوازی له‌ بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆسییه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق و وەرزی به‌بازاڕکردنی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان و ئەو بڕانەی کە دیاری کراون بۆ وەرگرتن له‌ هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی پارێزگاكانی عێراق، كرا.