خەمیس خەنجەر: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم کێشەکان چارە دەکرێن

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە ڕاگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا گرنگە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو سەرجەم کێشەکان چارە دەکرێن.

خەمیس خەنجەر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان لە سەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، پرسی مووچە، ڕێگەی گەشەپێدان کە بە هەرێمی کوردستانیشدا تێدەپەڕێت، کرد. بابەتێکی دیکەی گرنگ کە قسەمان لەسەری کرد، هەناردەکردنەوەی نەوتە لە ڕێگەی تورکیا و بەندەری جەیهان.

سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا سەردانێکی گرنگە بۆ چارەکردنی پرس و گرفتەکان، لە هەمانکاتدا سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەویش بۆ نەهێشتنی بەربەستەکان و فەراهەمکردنی کەشێکی لەبار بۆ لێکگەیشتنی زیاتر گرنگ بوو. ئەوەی هەیە ئێستە زۆربەی گرفتەکان چارەکراون و لە چەند ڕۆژی داهاتوو گرفتەکانی دیکەش چارە دەکرێن.

هەروەها ئاماژەیدا، پەیوەندییەکانی هاوپەیمانی سیادە هەم لە گۆڕەپانی سیاسیی هەم لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و کوتلەی پارتی لە پەرلەمان بە‌هێزە و شانازیشی پێوە دەکەن.

لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، خەمیس خەنجەر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەبێ پارتی هیچ مانایەکی نابێت، بۆیە بەبێ پارتی هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق و ناکۆکی نێوان هێزە سوننەکان، خەمیس خەنجەر گوتی: بەهۆی گەشتی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج پرسی یەکلایی کردنەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و هەڵبژاردنی بۆ دوای جەژنی قوربان دواخراوە.

ھەواڵی زیاتر