هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رهه‌می سه‌وزه‌كان گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستی خۆبژێوی

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن بەرهەمی پیاز، دێتە عەلوەی هەولێر و، كوردستان له‌ بەرهەمهێنانی پیازدا گه‌یشته‌ ئاستی خۆبژێوی‌ و پیاز بەشێوەیەکی گشتی لە یەکی ئایارەوە تاوەکو مانگی یازدە بەرهەم دەهێنرێت. هەروەها ئەم بەرهەمە زیاتر بۆ خۆبژێوی بەرهەم دێت، هەر بۆیە زیادەکەی هەناردەی خوار و ناوەراستی عێراق دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر زیاتر گوتی: ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن بەرهەمی پیاز، دێتە عەلوە و نزیکەی ١٠٠ بۆ ٢٠٠ بارهەڵگر، لەم بەرهەمە هەناردەی خواروو ناوەڕاستی عێراق دەکرێت. ساڵی ٢٠٢٣، بەرهەمی خۆمانە وەکو تەرەپیاز، ١١ هەزار و ٣٤٢ تۆن بووە، پیازی سوور ١٩ هەزار و ٦٠٥ تۆن بووە، پیازی سپی ٧٦ هەزار و ٦٨٨ تۆن بووە. هەروەها نرخی پیاز لە ئێستادا ٣٠٠ بۆ ٤٥٠ دینارە، ئەویش بەگوێرەی جوانی پیازەکەیە، هەر بۆیە ئێمەش لای خۆمانەوە ئاسانکاریی تەواو دەکەین، بۆ ئەم بارهەڵگرانە بە پێدانی پشتگیریی لە بازگەکان. هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رهه‌می سه‌وزه‌كان گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستی خۆبژێوی و پیازیش یه‌كێكه‌ له‌و سه‌وزانه‌ی كه‌ به‌رهه‌می ساڵانه‌ی هه‌رێم ملیۆن تۆن ده‌بێت و سه‌ره‌ڕای ناوخۆ ده‌توانرێت به‌شی ده‌ره‌وه‌ و عێراقیش ڕه‌وانه‌ بكرێت.
پیاز بۆ گەشەكردنی پێویستی بە كەشوهەوایەكی نیمچە سارد و خاكێكی قوڕینی سووك و تێكەڵی لماوی هەیە. پسپۆڕانی كشتوكاڵیش دەڵێن ئەم جۆرە خاك و كەشوهەوایە لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان هەیە، ئەگەر وەزارەتی كشتوكاڵ پلانێكی تۆكمەی بۆ گەشەپێدان و هاندانی جووتیاران بۆ چاندنی پیاز هەبێ، كوردستان پێویستی بە پیازی هاوردە نامێنێ.