سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

دوو ڕێگەی ستراتیجی لە شەقڵاوە نۆژەن دەکرێنەوە

قایمقامی شەقڵاوە ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەست دەكرێت بە نۆژەنكردنەوەی هەردوو ڕێی ستراتیجیی “گوندی مامە جەلكە و شەقڵاوە – هیران”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی ئایاری 2024، کاروان کەریم خان، قایمقامی شەقڵاوە ڕاگەیاند، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پێناو باشتركردنی دۆخی ڕێگەوبانەكان و ئاسانكاری بۆ شۆفێران و نەهێشتنی جەنجاڵی شەقامە گشتییەكان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، دەست دەكرێت بە نۆژەنكردنەوەی هەردوو ڕێی ستراتیجیی “گوندی مامە جەلكە و شەقڵاوە – هیران.

ئەو قایمقامە گوتی: ” لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و چاككردنەوەی ڕێگەوبانی هەولێر، بە گوژمەی پێنج ملیار دینار دەست دەكرێت بەو پڕۆژەیە”.

کاروان کەریم خان گوتیشی: “پێشتر چەند جارێك هاووڵاتییانی ئەو سنوورە داوای نۆژەنكردنەوەی ئەو ڕێیەیان كردووە، چونكە جگە لە بەیەك بەستنەوەی سێ‌ شارەدێ‌ بە شارۆچكەیەك، رێی سەرەكیی هاتوچۆی گەشتیار و گوندنشینانە”.

ڕاشیگەیاند، “ڕێگەی مامەجەلکە ھیران 25 کیلۆمەترە و ڕێگەی ھیران شەقڵاوە 17 کیلۆمەترە”.