دهۆک.. ژمارەیەک کەس بە تۆمەتی “فرۆشتنی دەرمانی ماوەسەرچوو و قاچاخ” دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای دهۆک دەستگیرکردنی چەند کەسێک بە تۆمەتی “فرۆشتنی دەرمانی ماوەسەرچوو و قاچاخ” ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-05-2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای دهۆک لە ڕاگەیەنداراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە یەکێک لە دەرمانخانەکانی شاری دهۆک، دەستیان بەسەر سەدان جۆری دەرمانی “ماوەبەسەرچوو و قاچاخ”دا گرتووە کە ئامادەکرابوون بە بە شێوەیەکی نایاسایی بە هاووڵاتییان بفرۆشرێن.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پێش ئەوەی دەست بەسەر ئەو بڕە دەرمانەدا بگیرێت، پشکنینی بۆ کراوە و بە بڕیاری دادوەر، بەپێی ماددەی 51 لە یاسای (پەیڕەوکردنی کاری دەرمانسازیی 1970) ئەو کەسانەی بە کارەکە هەڵساون دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی دووشەممە، 13-05-2024، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتییان کرد خۆیان بە دوور بگرن “لە هەر دەرمان یان هەر پێداویستیەکی پزیشکی بێ ستیکەری کوالێتیی کۆنترۆڵ؛ خۆتان دڵنیا بکەنەوە لە بوونی ستیکەر و کۆدی کوالێتی کۆنترۆڵ”.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەموو کۆمپانیا، کۆگە و دەرمانخانەکان لەبارەی ئەم پرسە ئاگادار کراونەتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، “بەرژەوەندی و تەندروستیی هاووڵاتییان لە سەرووی هەمووانە؛ لە هەر شوێنێک دەرمان و پێداویستی پزیشکی بێ ستیکەر هەبێت، مامەڵەی تاوانی لەگەڵ دەکرێت و سزای توند دەدرێت”.

ھەواڵی زیاتر