لە هەرێمی كوردستان كار بۆ جۆرێكی گرینگی گەشتوگوزار دەكرێت

ئەمڕۆ سێشەممە ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار پێشوازی کرد لە مارسیلۆ نۆتاریانی پسپۆڕی نێودەوڵەتی بوای گەشتوگوزاری ژینگەیی (ئیکۆتۆریزم ecotourism) کە وەک راوێژکاری UNDP کار دەکات لەسەر ئامادەکردنی ستراتیژییەتێکی راوێژکاری تایبەت بە ئیکۆتۆریزم لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەڕێوەبەرانی گەشتوگوزاری شەقڵاوە و کۆیە و بەڕێوەبەرانی پلان دانان، دڵنیای جۆری و راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دیوانی دەستە و راوێژکاری ناوەخۆیی UNDP ئامادەی بوون، بە بایەخەوە باس لە پەرەپێدانی ئیکۆتۆریزم کرا لە هەرێمی کوردستان وەک و جۆرێکی گرنگی گەشتوگوزار.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنانی میوانان بە وردی تیشکی خستەسەر دۆخی هەنووکەیی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان و باسی لە دیدگا، پلان و ستراتیژییەتی دەستەی گەشتوگوزار کرد و ئاماژەی بەوە دا هەرێمی کوردستان خاوەن بنەمای بەهێزی گەشتیارییە و سروشتە جوان و ناوازەکەی وای کردووە کە لەبار و گونجاو بێت بۆ ژمارەیەکی زۆر لە جۆرەکانی گەشتوگوزار.

سەرۆکی دەستە لە درێژەی گوتەکانیدا گوتی: یەکێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی پلانی 8 ساڵەی دەستەی گەشتوگوزار بریتییە لە هەمەجۆرکردنی چالاکییە گەشتیارییەکان لە ڕێگەی پەرەپێدانی جۆرەکانی گەشتوگوزار، هەر لەم سۆنگەیەوە ئامادەیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ سەرخستنی پرۆژەی پەرەپێدانی ئیکۆتۆریزم و خوازیاری ئەوەین کە تەواوی لایەنەکانی تری پەیوەندیدار هەماهەنگ و هاوکار بن.

لای خۆیەوە مارسیلۆ نۆتاریانی راوێژکاری UNDP ئامانجی سەردانەکەی روون کردەوە و رایگەیاند کە لە رێگەی سەردانی مەیدانی و پرس و راوێژ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان راپۆرتێکی ورد ئامادە دەکات کە تیایدا ئەو شوێنانە دەستنیشان دەکات کە بۆ پرۆژەی ئیکۆتۆریزم گونجاون و دواتریش هەندێ شوێن وەک ئەولەوییەت دیاری دەکرێن و پاشان (ستراتیژی راوێژکاری) تایبەت بە پەرەپێدانی ئیکۆتۆریزم لە کوردستان پێشکەشی دەستەی گەشتوگوزار دەکات