مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی “ئەکواپارکی میرۆ لە شنگلبانێ” لە قەزای رواندز، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە.
ساڵی 2019 دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی “ئەکوا پارکی میرۆ لە شنگلبانە” کرا و مانگی حوزەیرانی 2023 کارەکانی تەواو بوون. پرۆژەکە لە ڕووبارێکی 450 مەتری کە دەوران دەکات بەدەوری ئەکوا پارکەکە پێکدێت.
هەروەها پرۆژەی “ئەکوا پارکی میرۆ لە شنگلبانە” پێکدێت لە:
– بەشی منداڵان و بەشی فامیلی
– شەپۆلێکی دەستکرد کە وەیڤ پوڵ قۆڵییەکەی هەتا دوو مەتر دەڕوات.
– مەلەوانگەیەکی کراوە هەیە
– هۆڵێکی داخراو هەیە مەلەوانگەی ئافرەتانی تێدایە
– هۆڵی وەرزشی تێدایە
– هۆڵێکی تایبەت بە منداڵانی تێدایە
– ساونا
– جاکوزی
– حەمام بوخاری
– مارکێت فاست فوود
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 28-05-2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەکان کۆبووەوە. دواتر بەردی بناغەی چوار پرۆژە کە بریتین لە (ڕێگەی دووسایدی 40 مەتریی هۆڵی بۆنەکان – شەهیدانی ئازادی، پارکی ناوشار، پارکی نیشتمانی و ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران) دانا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەکان ڕایگەیاند، “وێڕای بارودۆخی سەختی ئابووری و دارایی، پرۆژەکانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتییانمان لە سەرجەم دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن”.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، “بەرنامە و پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە تەنیا گرنگی بە شارە گەورەکان نەدرێت، بەڵکوو پێویستە لە پاڵ ئەوانیشدا شار و شارۆچکەکان گەشە بکەن و دیهاتەکانیشمان ببووژێنینەوە”.
وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی کرد، “دەڤەری سۆران لە زۆر ڕووەوە یەکێکە لە ناوچە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیەتی، چونکە جیا لەوەی هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، لە ڕووی کشتوکاڵی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتوگوزاریشەوە پێگەیەکی گرنگی هەیە و دەکرێت ڕۆڵێکی دیار لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریدا دابگێڕێت. لە بواری گەشتیاریدا زەمینەیەکی زۆر لەباری هەیە و سەرقاڵی داڕشتنی دواقۆناغەکانی پلانی هەندێک پرۆژەی گەشتیارین کە ئەم ناوچەیە بە جۆرێک پێش دەخات کە هاوشانی ناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی جیهان بێت و بە هەزاران دەرفەتی کار دەرەخسێنێت”.