بەغدا پێچەوانەی سیستمی فیدراڵی هەوڵی زیادکردنی دەسەڵاتە مەرکەزییەکانی دەدات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی عێراق تەنیا لە هەوڵی ئەوەدا نەبووە لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی جیاواز کەم بکاتەوە، تەنانەت لە پارێزگاکانی عێراقیش لە هەوڵی کەمکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی ئەنجوومەنەکانە و نایەوێت خۆیان بودجەکەیان خەرج بکەن و هەر لە ناوەندەوە بۆیان خەرج دەکات. ئەمە لە هەمواری یاسای بودجەی پارێزگاکان بە ئاشکرایی هەستی پێ دەکرێت.

بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجەی عێراق کە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەسند کراوە و ڕادەستی پەرلەمان کراوە بۆ ئەوەی تاوتوێی بکات، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی عێراق کەم کراوەتەوە و لە بری ئەمە بەشێکی بەرچاو لە بودجەکەیان خراوەتە پاڵ بودجەی وەزارەتەکان بۆ ئەوەی لە ڕێی وەزارەتەکانەوە پەرە بە پارێزگاکان بدرێت.
ئەو سیاسەتە نوێیەی حکوومەتی عێراق هەنگاوێکی ترە بۆ بەهێزکردنی ناوەند لەبەرانبەر پارێزگاکان و لە سیستمی سیاسیی عێراقدا کە سیستمێکی فیدراڵییە و دەبوایە پارێزگاکان دەسەڵاتیان زیاد بکرێ و بەپێی دەستوور لە چوارچێوەی هەرێمی نوێدا زیاتر دەسەڵاتیان پێ بدرێ، کەچی دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە و حکوومەتی عێراق ئەو دەسەڵاتەشیان پێ بە ڕەوا نازانێت کە لە دەستوور بۆیان دیاری کراوە.
وەک ئاشکرایە پارێزگاکان حکوومەتی خۆجێیی تایبەت بەخۆیان هەیە کە لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵبژێردراون و نوێترین هەڵبژاردنیشیان هەر لەمساڵدا بووە و ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنانە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون و نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن. بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان پێشتر ڕادەستی پارێزگاکان دەکرا و لە ژێر چاودێریی ئەنجوومەنەکان خەرج دەکرا و ئەگەر هەر جۆرە گەندەڵی یان هەڵە خەرجکردنێک لەو بودجەیە هەبێت ئەوا ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەرکیانە لێپێچینەوە لە دەسەڵاتی خۆجێیی بکەن کە پارێزگارەکان سەرۆکایەتی دەکەن.
بەپێی ئەو پشکەی بودجە کە بۆ پەرەپێدانی پارەزگاکان دانراوە ساڵی ڕابردوو پارێزگای بەسرە دوو تریلیۆن و هەشتسەد و نەوەد و شەش ملیار دیناری بۆ تەرخان کرابوو، بەڵام ئەمساڵ بودجەکەی بە هەشتسەد و پەنجا و دوو ملیار و سێسەد و پەنجا ملیۆن دینار داندراوە و سەرووی دوو تریلیۆنی ڕاستەوخۆ لە لایە وەزارەتەکانەوە لە بەغداوە خەرج دەکرێت.
تەنانەت بۆ پارێزگای بەغداش بودجەکەی کە لە ساڵی ڕابردوودا یەک تریلیۆن و سەد و پەنجا و شەش ملیاری بۆ تەرخان کرابوو، ئەمساڵ حەوتسەد و پەنجا و سێ ملیار و شەشت و شەش ملیۆنی بۆ تەرخان کراوە و هاوشێوەی بەسرە پارەکەی تر لە لایەن وەزارەتەکانەوە خەرج دەکرێت.
لە نەینەوا بودجەی بەردەستی پارێزگاکە بۆ یەک لەسەر سێ، لە دیالە بۆ یەک لەسەر شەش و ئەنبار بۆ یەک لەسەر شەش کەم کراوەتەوە و لە سەرجەم پارێزگاکانی تر هەمان شت ڕوویداوە.
لە ڕاستیدا بودجەی پارێزگاکانی عێراق ئەگەر زیاد نەکرابێت کەم نەکراوەتەوە بەڵام چۆنیەتی خەرجکردنیان لە بەشی زۆری بودجەکەیان لە دەسەڵاتی پارێزگاکان دەرهێنراوە و ئەمەش بە واتای بچووککردنەوەی دەسەڵاتی پارێزگاکان و بەهێزکردنی کوومەتی ناوەندی دێت.
هەر بۆیە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە دوێنێ داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە ئامادەبوونی پارێزگار و ئەندامانی پارێزگاکە لە پەرلەمانی عێراق کردووە.
سەرۆکی لیژنەی دارایی و کارگێڕی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە ئەو بودجەیەی بۆیان داندراوە بەشی پڕۆژەکان و قەرزەکانی پارێزگاکە ناکات و کاریگەری نەرێنی و زۆر خراپی لەسەر گەشەپێدانی پارێزگاکە دەبێت.
جێی باسە بودجە ساڵی ڕابردووی عێراق سەد و نەوەد و نۆ تریلیۆن دینار بوو، بەڵام لە خشتەی بودجەی ئەمساڵ خەرجیی بە دووسەد و یازدە تریلیۆن و هەشتسەد و شەست و یەک ملیار دینار دانراوە.
هەرچەندە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بە یەک پاکێج قسەی لەسەر کراوە و وەک پارێزگاکان جیا نەکراوەتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا بەغدا سیاسەتی تری بەرانبەر هەرێم پێڕەو کردووە و لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کوردستان نەناردووە و لە لایەکی ترەوە داوای نیوەی داهات دەکات و مووچەش کە مافێکی یاسایی و دەستوورییە دەستی دەستی پێ کردووە و ئەوە مانگی شەش دێت کەچی مووچەی مانگی چواری هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگەی ڕەوانە نەکردووە و هەموو ئامانجەکەشی ئەوە بووە هەرێمی کوردستان لاواز بکات.

ھەواڵی زیاتر