وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا: سبەی ناوی سێ یەکەمەکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەکرێتەوه‌

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، لایەنە تایبەتمەندەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا راسپێردران بۆ خێراکردن لە ئامادەکاری و هەماهەنگی بۆ دامەزراندنى سێ یەکەمەکان.

وەزاره‌ته‌كه‌ ڕاشگەیاند، سبەی لیستی ناوی سێ یەکەمەکان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت.

رۆژی (12ـی ئایاری 2024) لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبوونەوەیەکی گرنگ بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکانی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەشەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2017- 2018) تاوەکو (2022 – 2023) بەڕێوەچوو.

پێشتر د.توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندبوو، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوێکى بە ژمارە (1928) لە ڕێکەوتى (2024/4/25) ئاراستە کردووین، بۆ ئەوەى داتا و زانیارى تەواو لەبارەى سێ یەکەمى زانکۆکان ئامادە بکەین و دواتر ڕەوانەى بەغداى بکەین بەمەبەستى دامەزراندنیان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدابوو، لەسەر سەرجەم زانکۆکان پێویستە لە ماوەى پێنچ ڕۆژى کارکردندا تەواوى زانیارییەکان وەک لە خشتەى دیاریکراودا هاتووە و تایبەتە بە سێ یەکەمەکانى سەر بەشەکان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنى (2017 – 2018) تاوەکو (2022- 2023) بە لیستى جیا بەرز بکەنەوە بۆ وەزارەت.

باسی له‌وه‌شكردبوو، لیستى ناوى (1982) وانەبێژمان لە زانکۆکانى هەرێم ڕەوانەى بەغدا کردووە بۆ دامەزراندن، بەهەمان شێوە پێشتریش لیستى ناوى (980) لە هەڵگرانى ماستەر و دکتۆرامان ڕەوانەى بەغدادکرد بە مەبەستى دامەزراندنیان، بۆ ئەمەش بەغدا ڕەزامەندى لەسەر دامەزراندنى (226) کەسیان نیشاندا کە لە دانیشتووانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بوون، ئەوە جگە لە دامەزراندنى (2075) سێ یەکەمەکان و (2626) بەشە پزیشکییەکان لە بەغدا، کە بەهەمان شێوە خەڵکى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بوون.

لە هەرێمى کوردستان، ساڵانى ڕابردوو توانرا سێ یەکەمەکانى ساڵانى (2015-2016) و (2016-2017) دابمەزرێندرێن، کە ژمارەیان (2842) یەکەم، دووەم و سێیەمی سەر ئاستی بەشەکانی زانکۆکان حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان بوون

ھەواڵی زیاتر