نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ گرنگييه‌كى زياتر به‌ هونه‌ر و كولتوور بده‌ين

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 27/5/2024، بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناساندنی (ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور) كرد كە لە هەولێر بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكى پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

ئێواره‌تان باش..

خۆشحاڵم ‌ ئه‌م ئێواره‌يه‌ له‌ بۆنه‌يه‌كى جيا پێكه‌وە دوور له‌ سياسه‌ت باس له‌ هونه‌ر و كولتوور و دنيای زمان و ڕۆشنبیری ده‌كه‌ين. زۆر سوپاسى ئه‌و گه‌نجه‌ ئازيزانه‌ ده‌كه‌م كه‌ بۆ ڕێوڕه‌سمى ناساندنى (ناوه‌ندى كوردستان بۆ هونه‌ر و كولتوور) بانگهێشتيان كردم.

له‌ناو ئه‌و هه‌موو هه‌را و ڕووداوه‌ سياسيیەكان كه‌ به‌رده‌وام ده‌وره‌يان داوين، هه‌موو بۆنه‌يه‌كى ئاوا، ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌بيرمان نه‌چێتەوە: ژيان ته‌نيا سياسه‌ت نييه‌ و هونه‌ر و كولتوور لايه‌نێكى گرنگ و جوان و مانادارى ژيانن. به‌تايبه‌تى بۆ گه‌لى كوردستان، زۆر گرنگه‌ پارێزگارى له‌ كولتوور و هونه‌ر و زمان و وێژه‌ و كه‌له‌پوور و مێژووى خۆى بكات، كه‌ ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانی پێك ده‌هێنن.

له‌ دڵمەوە‌ و زۆر به‌ گه‌رمى ده‌ستخۆشى و پيرۆزبايى له‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌م كه‌ بيرۆكه‌ى دامه‌زراندنى ئه‌م ناوه‌نده‌يان هێناوەتە ئاراوه‌، به‌رده‌وام كاريان كرد و كۆڵيان نه‌دا تا گەیشتە ئەم ڕۆژە و ناوه‌نده‌كه‌يان خسته‌ سه‌ر پێ. به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌م ڕه‌نج و ئه‌ركه‌يان ده‌ڕوانم و هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌ك بۆ سه‌رخستنى كار و په‌يام و ئامانجی پرۆژه‌كه‌يان، لێرەوە دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌.

به‌ڕێزان..

كورد و كوردستانييان، خاوه‌ن مێژوو و كولتوورێكى زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند و فره‌ڕه‌نگن. سه‌ركوتكارى، چه‌وساندنه‌وه‌، قه‌ده‌غه‌كردن، نكۆڵى، زه‌بروزه‌نگ و چه‌ك‌، هه‌رچى به‌ درێژاييى مێژوو به‌ شێوه‌يه‌كى ڕێكخراو، وه‌ك پلان و سياسه‌تێكى سڕينه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد و كوردستان و كولتوورى ئه‌م گه‌ل و ئەم وڵاته‌ كراوه،‌ نه‌يتوانيوه‌ كولتوورى جوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی ئەم وڵاتە له‌ناو ببات‌.

نهێنیی مانه‌وه‌ى كورد و گه‌لى كوردستان وێڕاى ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و نه‌هامه‌تيیه‌ له‌ مێژوودا كە بەسەرمان هاتوون‌، خواست و ئيراده‌ و خۆشه‌ويستى بووه‌ بۆ پاراستنى زمان و كولتوور و هونه‌ر و وێژه‌ى خۆى. كورد و گه‌لى كوردستان له‌م پێناوه‌دا نموونه‌يه‌كى بێوێنه‌يان نيشان داوه‌.

لێرەدا، قسەیەکی شاعیری گەورە (حاجی قادری کۆیی) دێنمەوە بیرمان کە زۆر بە کورتی و بە چەند وشەیەک ئەم بابەتە گرنگەی باس کردووە:

حاجی قادر دەڵێ:

کتێب و دەفتەر و تاریخ و کاغەز

بە کوردی گەر بنووسرایە زمانی

مەلا و پیر و شێخ و پادشامان

هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی

ئێمە ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، بۆمان دەردەکەوێ تەنیا لە هەل و ده‌رفه‌تى هەبوونی ئازادیدا، گەلی کوردستان توانیویه‌تى خاوەنی زمانی نووسین بێت، بۆ نموونە مەلای جزیری و ئەحمەدی خانیمان نەدەبوو ئەگەر میرنشینی بۆتان نەبوایە، نالی و سالم نەدەبوون ئەگەر بابان نەبوایە، هەروەها چەندان نموونەی ديكه‌.

لە ماوەی حوکمداریی شێخ مەحموودی نەمردا، ڕۆژنامەگەری و نووسینی کوردی کەوتنە گەشە، لە کۆماری کوردستان ماوەی تەنیا یەک ساڵ، شۆڕشێک بۆ زمان و ڕۆشنبیریی کوردی بەرپا بوو، دوای ڕێککەوتنی ئاداری ساڵی ١٩٧٠، هەروەها دوای دامەزرانی حکوومەتی هەرێمى كوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، هەموو دەروازەیەک بۆ زمان و هونەر و ڕۆشنبیریی کوردی کەوتنە سەرپشت.

جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە شێخ عەبدولسەلامی بارزان بکەین کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە و لە ياداشتێكدا بۆ کاربەدەستانی عوسمانی، داوای بەکارهێنانی زمانی کوردی کردووە. ئێمە ئەم هەموو نموونەیەمان بۆ ئەوە هێنایەوە تا بڵێین زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیری و هونەر و په‌رتووك و فیلم و شانۆ، بریتی بوون لە بڕبڕەی پشتی ماف و داخوازی و داواکاری و نەخشە و پلانی بەردەستی ئێمە، دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئێمە لەم بوارانەدا ئەرکی سەرشانی خۆمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ين.

بەڕێزان

ڕاسته‌ سه‌رده‌مێكى دوورودرێژ به‌هۆى بارودۆخى دژوار و نه‌بوونى تواناى تۆمار و ئه‌رشيفكردنه‌وه‌‌، سامان و گه‌نجينه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندى هونه‌رى و كولتووريمان له‌ده‌ست داوه‌، له‌ هه‌زاران به‌رهه‌مى موزيكه‌وه‌‌، تا سه‌دان ئه‌فسانه‌ و ده‌قى ئه‌ده‌بى و ده‌ستنووسى به‌نرخى زانايان و نووسه‌ران و تابلۆ و نيگارى هونه‌رى، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ هێشتا خاوه‌نى يه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌مه‌نترين هونه‌ر و كولتوورى مرۆڤايه‌تين.

به‌ڵێ، دۆخى سياسى هه‌ميشه‌ كارى له‌پێشينه‌ى ديكه‌ى دروست كردووه‌،‌ كه‌چى وێڕاى ئه‌وه‌ش‌ ماوه‌ى زياتر له‌ سى ساڵى دواى ڕاپه‌رين له‌ هه‌رێمى كوردستان، هێنده‌ى له‌ توانادا بووه‌ خزمه‌ت به بوارى كولتوور كراوه. به‌ڵام به‌ دڵنيايييه‌وه‌ هێشتا زۆر ماوه‌ كە بكرێت و ده‌بێ بايه‌خ و گرنگيى زۆر زياتر به‌ هه‌موو لايه‌نه‌كانى ئه‌و بواره‌ بدرێت و له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا پێش بخرێت.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان پێداچوونه‌وه‌يه‌كى جددى به‌ سياسه‌تى كولتووريدا زۆر پێويسته‌. هه‌روه‌ها لايه‌نه‌ فه‌ر‌مييه‌كان و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ بوارى كولتووردا كار ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌ كه‌سانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ ده‌زگا و دامه‌زاره‌وه‌كانى تايبه‌ت به بوارى هونه‌ر و كولتوور، زۆر گرنگه‌ به‌رده‌وام پێكه‌وه‌ هاريكارى و هاوبه‌شى بكه‌ن. هونه‌ر و كولتوورى ده‌وڵه‌مه‌ندمان، ده‌توانێ سيماى جوانترى كوردستان، بە جیهان پیشان بدات.

ده‌ستپێشخه‌رى و بوونى ده‌زگا و دامه‌زراوه‌یەكی وه‌ك ئه‌م ناوه‌نده‌ بۆ گرنگيدان به‌ هونه‌ر و كولتوور، ده‌توانێ خزمه‌تێكى گه‌وره‌ بكه‌ن و سامانێكى كولتووريى زۆر به‌نرخى كوردستان بپارێزن. ئه‌رشيفكردن و به‌ديجيتاڵكردنى ده‌ستنووس و به‌ڵگه‌‌ و په‌رتووكى كۆن و ده‌گمه‌ن كه‌ له‌ په‌رتووكخانه‌ تايبه‌تییەكان و لە كونجى ماڵەكاندا كه‌وتوون، كارێكى تا بڵێى پێويست‌ و گرنگه و ناهێڵێت بفه‌وتێن و له‌ناو بچن.

ته‌كنه‌لۆژيا و زيره‌كيى ده‌ستكرد، ئێستا ده‌رفه‌ت و تواناى زۆرى ڕه‌خساندووه و ده‌توانێت له‌ باشترين پرۆسه‌ى تۆمار و هه‌ڵگرتن و به‌ئه‌رشيفكردنى ميراتى كولتووريماندا، زۆر هاوكار و يارمه‌تيده‌ر بێت و ئاسانكارييه‌كى باش بكات. ئه‌وه‌ى تا ئێستا له‌م بواره‌دا ئه‌م‌ ناوه‌نده‌ له‌ ناوچه‌ جياجیاكانى كوردستاندا كردوويه‌تى‌، به‌ ڕاستى سه‌ره‌تايه‌كى زۆر باشى كاره‌كانیانە‌ و مايه‌ى ده‌ستخۆشى و پێزانينه، ده‌بێ بە هەموو شێوەیەك پشتگيرییان بكرێت.

پێشتريش دەبێ ئەوە بڵێین مامۆستاى به‌ڕێز مه‌زهه‌رى خالقى و تيمه‌كه‌ى له‌ ئينستيتيوتى كه‌له‌پوورى كوردى، كارێكى خه‌مخۆرانه‌ى زۆر گه‌وره‌ و به‌هاداريان ئه‌نجام داوه‌. ساڵانێكه‌ به‌رده‌وامن و گه‌نجينه‌يه‌كى ده‌وڵه‌مه‌نديان له‌ موزيك و به‌رهه‌مى هونه‌ريى كوردى به‌ ئاست و كواڵيتيیەكی به‌رز و به‌ ڕێكخراوى پاراستوویانە كە لێرەوە لەگەڵ ڕێزمدا دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم‌. هیوادارم جەنابیان بەردەوام و سەركەوتوو بێت.

هه‌ر له‌م بواره‌دا، وه‌رگێڕانى به‌رهه‌مه‌ كوردييه‌كانيش بۆ زمانه‌كانى ديكه‌، كارێكى گرنگ و پێويسته‌‌. بۆ ئه‌مه‌ش ديسان ته‌كنه‌لۆژيا هاوكارێكى باشه‌ و وا ده‌كات به‌ ئاسانى بگاته‌ هه‌موو شوێنێك. وه‌ك بيستم، لێره‌ به‌ شاكارى مامۆستا هه‌ژارى موكريانى (چێشتى مجێور) ده‌ستيان پێكردووه‌ و كردوويانه‌ته‌ ئينگليزى. كارێكى زۆر باشه‌ و دیسانەوە ده‌ستخۆشيتان لێ ده‌كه‌م.

لێرەوە دووباره‌ پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌م ناوه‌نده‌ له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م، لە هەموو ئەو گەنجانە دەكەم كە خەمخۆری كولتوور و پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی كوردین. سوپاسی هەموویان دەكەم چ ئەوانەی لە ناوخۆن و چ ئەوانەی لە دەرەوە هاتوون و یارمەتییان داون له‌ كوردستان و لە ده‌ره‌وه‌، ئێمە دەبێت بتوانین خزمه‌تێكى باشترى ئه‌م بواره‌ بكەین و ببێتە پردێك له‌گه‌ڵ هاوتاكانيان له‌ جيهان، ئێمه‌ش هاوكار و پشتيوان ده‌بين.

دیسانەوە دەستخۆشیتان لێ دەكەم و ڕۆژێكی خۆش بۆ هەموو لایەك..

زۆر سوپاس..