هەرێمی کوردستان لەبەرهەمهێنانی پیازدا گەیشتە ئاستی خۆبژێوی

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن بەرهەمی پیاز، دێتە عەلوەی هەولێر و كوردستان له‌ بەرهەمهێنانی پیازدا گه‌یشته‌ خۆبژێوی‌.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی ئایاری 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ڕاگەیاند، پیاز بەشێوەیەکی گشتی لە 1ـی ئایارەوە  تاوەکو مانگی 11 بەرهەم دەهێنرێت.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، “ئەم بەرهەمە زیاتر بۆ خۆبژێوی بەرهەم دێت، هەر بۆیە زیادەکەی هەناردەی خوار و ناوەراستی عێراق دەکرێت”.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاشکرای کرد، ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن بەرهەمی پیاز، دێتە عەلوە و نزیکەی 100 بۆ 200 بارهەڵگر، لەم بەرهەمە هەناردەی خواروو ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.

ئەوەشی خستە ڕوو، ساڵی 2023، بەرهەمی خۆمانە- تەرەپیاز، 11 هەزار و 342 تۆن بووە، پیازی سوور 19 هەزار و 605 تۆن بووە. پیازی سپی 76هەزار و 688 تۆن بووە.

“نرخەکەی لە ئێستە 300 بۆ 450 دینارە، ئەویش بەگوێرەی جوانی پیازەکەیە، هەر بۆیە ئێمەش لای خۆمانەوە ئاسانکاریی تەواو دەکەین، بۆ ئەم بارهەڵگرانە بە پێدانی پشتگیریی لە بازگەکان”. هێمن سەید موراد وا دەڵێت.

لای خۆیه‌وه‌ بڕیار ئه‌كره‌م له‌ عه‌لوه‌ی سلێمانی، راگه‌یاند، پیازی سپی هه‌رزان بووه‌ و كیلۆی به‌ 350 بۆ 400 دیناره‌. هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رهه‌می سه‌وزه‌كان گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستی خۆبژێوی و پیازیش یه‌كێكه‌ له‌و سه‌وزانه‌ی كه‌ به‌رهه‌می ساڵانه‌ی هه‌رێم  ملیۆن تۆن ده‌بێت و سه‌ره‌ڕای ناوخۆ ده‌توانرێت به‌شی ده‌ره‌وه‌ و عێراقیش ڕه‌وانه‌ بكرێت.