سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی دیدارێكدا لەگەڵ شاندێكی وڵاتی قەتەڕ، جەختی لە بەهێزتركردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و قەتەڕ لە بواری جۆراوجۆرەكان كردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی قەتەڕی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن حەممادی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕی کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی قەتەڕ لە عێراق و کونسولی گشتیی وڵاتەکە لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا ئاڵوگۆڕ کرا.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ، سڵاو و ڕێزی میر و سەرۆک وەزیرانی قەتەڕی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و خواستی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی قەتەڕ کرد و ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دا.