قەتەر دوای کردنەوەی کونسوڵخانەکەی سێ پرۆژەی گەورە لە کوردستان جێبەجێ دەکات

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە لەنێوان ئێمە و وڵاتی قەتەر، قەتەرییەکان دوای کردنەوەی کونسوڵخانەکەیان سێ پرۆژەی گەورە لە کوردستان دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی ئایاری 2024، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، بە کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر، چەندان ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتییان دەکرێت، هەروەها هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە لەنێوان دامەزراوەکانی حکوومەت بەگشتی و بەتایبەت دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ کونسوڵخانەی قەتەر.

بەگوتەی ئەو گوتەبێژە، “قەتەرییەکان چاوییان لە وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان، هەربۆیە وەبەرهێنە قەتەرییەکان پارەدارکردنی چەند پڕۆژەیەکییان کردووە لە کوردستان. “.

دەشڵێت: “دەستەی وەبەرهێنان لە بەرنامەیدا هەیە هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنە قەتەرییەکان بکات، بەتایبەت هەر وەبەرهێنێکی بییەوێت وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکات، کە 10 ساڵ لە باج و گومرگ دەیبەخشین بۆ ئەوەی بتوانێت وەبەرهێنان بکات. بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵ و نەوت و گاز”.

بەپێی گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، “ئەو پڕۆژانەی کە قەتەرییەکان دەیانەوێت لە کوردستان بکەین، چەند پڕۆژەیەکی پیشەسازی و نیشتەجێبوونە ئەوانیش؛ یەکەمین کارییان لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، ئاڵوگۆڕی بەرهەمی ناوخۆییە کە پێشوازییەکی باشیشی لێکراوە، بۆ ئەمساڵیش بڕیارە بەربوومە خۆماڵییەکان لەگەڵ وەبەرهێنەرەکانی خۆمان لە بواری کشتوکاڵ هەناردەی وڵاتی قەتەر بکرێتەوە، بە ڕێژەیەکی زۆر لەوەی ساڵی پار کە هەناردەکرابوون”.

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکراشیکرد، “چەندان جار شاندی وەبەرهێنان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی نەوت و گاز”.

هەروەها قەتەرییەکان چاوییان لەوەیە بە دروستکردنی ناوچەیەکی گەورەیە بۆ باڵندە دەگمەنەکان ئەوانەی گەرمیان و کوێستان دەکەن لە نزیک گوێڕ دروست بکەن کە خۆی لە دارستانێکی گەورە دەبینێتەوە، دەستەی وەبەرهێنان لای خۆیەوە پێی راگەیاندوون، کە ” شوێنكی گەورە بۆ ئەو بابەت تەرخان کراوە کە تایبەت دەکرێت بە شوێنی ئەو باڵندانە”.

بەرگەشت ئاماژەی بەوەشدا، ئامادەکاریی دەکرێت کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆڕبەندی ئابووری هاوبەش لەنێوان هەردوولادا لە هەولێر بکرێت، کە ئەو کۆڕبەندە، کۆڕبەندێکی جۆری دەبێت لە ناوچەکەدا، بڕیاریشە حکوومەتی قەتەر لە ئاستی بەرزدا تێیدا ئامادە بێت، لەگەڵ زیاتر لە 100 وەبەرهێن بەشداربن.

هەروەها گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: “وەبەرهێنەرانی قەتەر بەنیازن پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کە زیرەکی دەستکرد تێیدا بەکاردێت لە هەولێر دروستبکەن، کە چەندان تاوەری گەورە لەخۆ دەگرێت، ئەوەش گەورەترین پڕۆژەی قەتەری دەبێت لە کوردستان، بە زیرەکی دەستکرد”. گوتیشی، “ڕامانگەیاندووە، هەموو پاڵپشتییەک و ئاسانکارییەک بۆئەو بابەتە دەکەین، بەپێی یاسا بەرکارەکانی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان”.

“ئەوان لەڕووی وەبەرهێنانەوە زۆر بەهێزن لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەتایبەت وڵاتە زلهێزەکان وەبەرهێنان دەکەن”. بەرگەشت ئاکرەیی وادەڵێت.

بڕیارە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر کاتژمێر 06:00 ئێوارە بکرێتەوە. حوسێن بن علی فەزالە، وەکوو کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەولێر دەستنیشان کراوە.

 لە ڕۆژی هەینییەوە، 24-05-2024، شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، ئه‌مینداری گشتیی وەزارەتەکە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتییان لە شاری هەولێر، لە هەرێمی کوردستانە و دوێنێ شەممە، 25-05-2024، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە.

پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی قەتەر پەیوەندییەکی درێژخایەنە و لە 16ی شوباتی 2022دا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەوحە لەگەڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازیى قەتەر شێخ محەمەد بن حەمەد ئال سانی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر تاوتوێ کرا، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و پیشەسازیدا، هەروەها دەربارەی دەرفەتەکانی بەھێزکردنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەردوولادا گفتوگۆ کرا.

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی لە بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێم لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2022، دوو هەزار و 500 تۆن هەناری هەرێمی کوردستان هەناردەی ئیمارات، قەتەر و بەریتانیا کرا.

هەروەها بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە 10 تاوەکوو 19ـی شوباتی 2024، هەنگوینی چیاکانی کوردستان لە پێنجەمین پێشانگەی هەنگوین لە قەتەر نمایش کرا.

ھەواڵی زیاتر