‎بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو كوردستانێكی ئاسوودە و سەقامگیر هەنگاو دەنێین

شارەوانی پاریس، ئاماژە بەوە دەکات، وەک ڕێزگرتنێک لە قارەمانییەتی پێشمەرگە بەم نزیکانە شەقامێکی شارەکە بەناوی پێشمەرگە دەکات.

پارێزگای هەولێر لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، له‌ په‌راوێزی (44)ـەمین كاره‌كانی كۆنگره‌ی نێودەوڵەتی له‌ شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر چاویكه‌وت به‌ ئان ئیداڵگۆ، سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس.
له‌ دیدارێكدا ئومێد خۆشناو سڵاو و ڕێزی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی گه‌یانده‌‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس رێز و سڵاوی خۆی له‌ ڕێگه‌ی پارێزگاری هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یانده‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، شاره‌وانی پاریس بۆ ڕێزگرتن له‌ قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌رنامه‌ و پلانی هه‌یه‌‌ له‌ نزیكترین كاتدا شه‌قامێكی شاری پاریسی به‌ناوی پێشمه‌رگه‌ بكات.
هه‌روه‌ها له‌ دیداره‌كه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر و سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس، تیشكخرایه‌ سه‌ر نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵاتی هه‌ولێر، كه‌ بڕیاره‌ حكوومه‌تی فه‌ره‌نسا له‌م پرسه‌دا به‌شدار بێت و‌ له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كاری پێویست ده‌كرێت و شاندێك له‌ فه‌ره‌نساوه‌ سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات.
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ كونسوڵخانه‌ی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر رێككه‌وتن كرا، كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ئۆلۆمپیانی پاریس، وه‌ك هاوسۆزیی و هاوده‌نگییه‌ك بۆ پاریس وه‌ك ده‌سته‌ خوشكی هه‌ولێر، چالاكییه‌ك له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ بچێت، و لۆگۆی ئۆلۆمپیاته‌كه‌ نمایش بكرێت.
(44)ەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی فڕانکۆفۆنی كه‌ به‌ به‌شداری (500) پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانی شارەکانی جیهان لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، بەشدارە لە کۆنگرەکە.