ئەمساڵ دوو گەشتیار لە زێی بچووك خنكاون؛ “هیچ شوێنێكی زێی بچووك بۆ مەلەکردن گونجاو نییە”

لە سەرەتای ئەم ساڵ لە زێی بچووک، دوو گەشتیار یەکێکیان لە شارۆچكەی دوکان و یەکێکی دیكە لە کۆیە خنکاون، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی کۆیە دەڵێت: “هیچ شوێنێکی زێی بچووک بۆ مەلەکردن گونجاو نییە”، ئاماژەی بەوەدا، تیمی مەلەوانی لەرۆژانی پشوو چاودێری گەشتیاران دەکات بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو” .

بە درێژایی قەراغ زێی بچووک، سەدان پڕۆژەی گەشتیاریی دروستکراون و گەشتیاران لە وەرزەکانی ساڵ، بە تایبەت لە هاوین بۆ پشوودان ڕوویان تێدەکەن، زۆرجار سەرکێشی و پابەندنەبوونی گەشتیاران بەو ڕێنماییانەی لەبارەی سەلامەتی و مەلەکردن و نزیک بوونەوە لە ئاوەکە بۆیان دانراوە، ڕووداوی ناوخۆش و خنکانی لێ دەکەوێتەوە.

عادل عەبدولڕەحمان، گەشتیار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، شوێنەکە بە هیچ شێوەیەک بۆ مەلەکردن گونجاو نییە، لەبەر ئەوەی ئاوەکە هەم ساردە هەم ئەو کەسانەی کە دێنە ئێرە زۆرینەیان لە مەلەوانی نازانن.

جگە لە دانان و هەڵواسینی ڕێنمایی بۆ گەشتیاران لەبارەی مەترسی مەلەکردن لە زێی بچووک، هەم خاوەن پڕۆژەکان، هەم پۆلیسی بەرگریی شارستانی تیمی مەلەوانی بۆ فریاکەوتنی گەشتیاران لەحاڵەتی نەخوازراو داناوە.

لای خۆیەوە عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی کۆیە، دەڵێت: زێی بچووک 70 کیلۆمەترە ئەگەر بێت و حکوومەت پۆلیسی بۆ دابنێت بە هەزار پۆلیسیش ناپارێزرێت، بەڵام ئەو شوێنانەی کە چاویان لەسەرە و شوێنی گەشتیارین خاوەنەکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت بۆ هەر شوێنێک مەلەوانزانێکی لێ دابنێن و تیمەکانی ئێمەش چاودێری هەموو لایەک دەکەن.

هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگ و گونجاوی عێراق و ناوچەکەیە بۆ گەشتیاریی، حکوومەتی هەرێم ئێستا وەک کەرتێکی گرنک لە کەرتی گەشتیاریی دەڕوانێت، هەر بۆیە وەک چۆن هەوڵی راکێشانی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بۆ حکوومەت گرنگە، سەلامەتی ژیانی گەشتیارانیش تا گەشتێکی سەلامەت بکەن گرنگترە.

ھەواڵی زیاتر