سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەکات

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر کرد و جەختیان لە گەشەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و دەوحە لە بوارەکانی گەشتیاری، ئابووری و ئاوەدانیی کردەوە.

ئەمڕۆ شەممە 25ی ئایاری 2024، لە سەڵاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر کرد کە پێک هاتبوو لە ئەحمەد بن حەسەن ئەلحمادی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر و سوڵتان بن موبارەک ئەلکوبەیسی باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و حوسێن بن علی ئەلفەزالە، کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەولێر.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و هەڕەشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم سەقامگیریی ناوچەکە ئاڵۆگۆڕ کرا.

 سەرۆک بارزانی، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاماژەی بەوەدا، “باشترین ڕێگە بۆ چارەکردنی گرفت، بنبەست و ئاڵۆزییەکان؛ گرتنەبەری شێوازی دیالۆگ و دوورکەوتنەوەیە لە شەڕ و کاولکاری”.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لە گەشەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی قەتەر لە بوارەکانی گەشتیاری و ئابووری و ئاوەدانی کرایەوە.

بڕیارە سبەی یەکشەممە، 26-05-2024، کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر بە شێوەیەکی فەرمی لە هەولێر بکرێتەوە، ئەمەش گرنگی دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر، لەسەرجەم بوارەکاندا.

ھەواڵی زیاتر