پلانەکانی حکوومەت لە کەرتی کشتوکاڵ ئەنجامی زۆر باشیان هەبووە

پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی و بە بازاڕکردنی بەرھەمی خۆماڵی لە دەرەوەی وڵات یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی کارنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش وەک ھەوڵێک بۆ وەرچەرخان لە کەرتی ئابووری ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پشت بەستن بە نەوت کەم بکرێتەوە و خاکی بە پیتی ھەرێمی کوردستان بکرێتە بەشێک لە سەبەتەی خۆراک ھەم بۆ ناوخۆ ھەم بۆ ھەناردەکردنی دەرەوە. بەرپرسانی کشتوکاڵیش، دەڵێن، ئەمساڵیش بەرھەمی جووتیاران ھەناردەی دەرەوە دەکرێت.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵدایە بۆ بەھێزترکردنی کەرتی کشتوکاڵ و زیاتر پشتیوانیکردنی جووتیاران بازاڕی زیاتری دەرەکی بۆ بە بازاڕکردن و ساخکردنەوەی بەرھەمەکان بڕەخسێنێت.
دوای ئەوەی چەندین بەرھەمی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە کران، بڕیارە ئەمساڵیش بەرھەمی تر ھەناردەی دەرەوە بکرێت، حکوومەتی ھەرێم، ئاسانکاریی تەواوی بۆ ئەو بازرگانانە کردووە، کە دەیانەوێت بەرھەمی خۆماڵیی جووتیاران بنێرنە دەرەوە، ئەمەش دوای پڕکردنەوەی پێویستی ھاووڵاتییان و بەکاربردنی ناوخۆیی، بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە ھەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێن.
چەند کارگەیەکی ناوخۆیی بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی حکوومەت، بەرھەمی جووتیارانی کوردستان دەخەنە نێو تورەکە و کارتۆنی تایبەتەوە و لە سەریان دەنووسن “لە کوردستان دروست کراوە-Made In Kurdistan” دواتر ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکەن و لە بازاڕی وڵاتان دەفرۆشرێن.
بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ چەندین بەرھەمی جیاوازی کشتوکاڵی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، ئاستی بەرھەمێنانیان لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵێنی ئەوەی بە جووتیارانی داوە کە بەرھەمەکانیان لە ڕێی دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە، ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت، سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکەی بەجێگەیاند و توانرا بۆ یەکەمجار چەند جۆرێک لە بەرھەمی جووتیاران ڕەوانەی دەرەوە بکرێت و بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت کە کشتوکاڵ لە ھەرێم ھەنگاوی گەورەی ناوە بەو پاڵپشتییەی حکوومەت کە بۆ بەرھەمی ناوخۆ دەیکات.
ھەرێمی کوردستان لە زۆربەی ئەو بەرھەمانەی کە بەرھەم دەھێنرێن، دەوڵەمەندە، لە کوردستان جووتیاری زۆر بە ئەزموون ھەیە، ئەو بەرھەمانەی ڕەوانەی دەرەوە کراون، حکوومەت کاری لەسەر کردوون لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ وەک ترێ، سێو، ھەنجیر ڕەوانەی دەرەوە کراون، ھەروەھا لە ڕێی کۆمپانیایەکیش ھەریەکە لە برنجی کوردی، تەحین و سماق ھەناردەی دەرەوە کراون و بەسەر چەند وڵات دابەش کراون.
نەوزاد شاکر، شارەزا لە بواری کشتوکاڵ، دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی گەورەی لە بواری کشتوکاڵ ناوە، کاتێک بڕیاری بردنە دەرەوەی بەرھەمی ناوخۆی دا بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئەمە ئومێدبەخش بوو، جووتیار ھەمیشە لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمەکەی گەورەترین خەمی ئەوەی بوو چۆن ئەو بەرھەمە ساغ بکاتەوە و تووشی زیان نەبێت و بتوانێ ڕەنجی ماندووبوونی وەربگرێتەوە، کردنەوەی بازاڕ لە دەرەوە ھەنگاوێکی گەورەبوو، ھەرێمی کوردستان دەتوانێ بەشێکی زۆری بەرھەمەکانی ڕەوانەی دەرەوە بکات.
ئەو شارەزایە، دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم کاری گەورەی کردووە لە بواری کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ، ھەموو ھاوکارییەکی بۆ جووتیاران ڕاگەیاندووە و کەرتی کشتوکاڵ پێشوەچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ھەروەھا چەندین بەرھەمی ناوخۆ ڕەوانەی دەرەوە کراون و وەک براندێکی کوردستان بۆ ئەوەی بەرھەمەکان لە دەرەوە بناسرێنەوە، چەندین وڵات ئەو بەرھەمانەی ھەرێمیان بۆ ڕەوانە کراوە.
لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت بۆ ھەمەچەشنکردنی ئابووری و پاڵپشتیکردنی جووتیاران و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت، دوو تۆن ھەنگوینی کوالیتیی بەرزی کوردستان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە ھەناردەی قەتەر کرا، ئەمە جیا لەوەی بەشێکی دیکەی بەرھەمی ھەنگوین لە بازاڕە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ساخ کراوەتەوە. عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان، گوتی: ساڵانە بەپێی ئەو بەرھەمەی ھەنگوین کە لە ناوخۆی کوردستان لەلایەن ھەنگەوانان بەرھەم دەھێنرێت، لە جۆری ھەنگوینی پلە یەک، بەشێکی ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت و دەفرۆشرێت بە چەند وڵاتێک لەوانە ئیمارات و سعوودیە، بڕی ئەو ھەنگوینە دەگەیشتە سەرووی پەنجا تۆن کە ڕەوانەی دەرەوە دەکرا، خواستێکی زۆر باشیش لەسەر ھەنگوینی کوردستان ھەیە، چونکە ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان کوالیتی زۆر بەرزە و لە جۆرە ھەرە باشەکانە.
سەرۆکی تۆڕی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان، گوتیشی: ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵیش بەرھەمی ناوخۆی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت، کە خواستێکی زۆری لەسەرە، ئێمەش وەکو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکار دەبین بۆ بە بازاڕکردنی بەرھەمی ھەنگەوانان.
بەرپرسانی کشتوکاڵ لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت، حکوومەت پاڵپشتی جووتیارانە بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان نەمێنێتەوە و بازاڕی ھەبێت، ساڵی ڕابردوو چەند ھەنگاوێک نران و ژمارەیەک بەرھەم ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان کران. ھێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەولێر، ڕاگەیاند، بەرھەمی جووتیاران بە بازاڕ دەکرێت و پڕۆسەی بە بازاڕی جووتیاران ھەر ھەیە، ئەگەر ئەوەش نەبێت، بەھۆی بوونی چەند کارگەیەکی پیشەسازی و بەکارخستنەوەی کارگەی ئاوی تەماتەی ھەریر و چەندین کارگەی وەبەرھێنانی پیشەسازی کشتوکاڵی کە بوونەتە ھۆکاری پێشکەوتنی کشتوکاڵ و وەرگرتنی بەرووبوومی برا جووتیارەکان لەوانە ساغ دەکرێنەوە.

ھەواڵی زیاتر