هەرێمی کوردستان لە تێروانینی دەوڵەتی عێراقدا

دوێنێ بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ، بازنەی گفتۆگۆ حەڤدەیەمین گفتو گۆی بە ناونیشانی ( هەرێمی کوردستان لە تێڕوانینی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقدا) ئەنجامدا.

لەم گفتوگۆیەدا کە بەڕێزان ( د.سالار عوسمان، ڕائید فەهمی ، وائیل ئەلڕەکابی ، جەمال کۆچەر- سکایب-، عیماد ئەلمسافر- سکایب ، موئەید ئەلجحێشی ، ئەبو کاروان، فەرهاد ئەتروشی ، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی ، مەحفوز مایی، پ.د.نەزاکەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد) ئامادەبوون ، سەرەتا ڕاپورتی بازنەی گفتوگۆ لەسەر سکرین نمایش کرا کە تیایدا ڕاوبۆچوونی هاوڵاتی کوردستان و عەرەبی عێراق ڕاوبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم پرسە گرنگە دەڕبریبوو، بەشداربووانی `ئەم ڕاپۆرتە تێکرا جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئیشکالیەتی گەورە نێوان هەرێم و بەغدا دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراقە وەک یەک سەفقە ، پاشان ئامادەبوانی گفتووگۆکە بەتێرو تاسەلی گفتوگویان لەسەر ئەم پرسە گرنگە کرد.
ئەوەی لەم گفتوگۆیەدا جەختی لەسەر کرایەوە، هەنگاوی گرنگ ئەوەیە کە گفتوگۆی نێوان دەستەبژێری کوردستان و تەواویی پێکهاتەکانی عێراق بەردەوام بێت، ئەمجۆرە گفتۆگۆیانە زۆر لە گفتوگۆ سیاسیەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان گرنگترە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ، گفتوگۆی فەرمی نێوان لایەنە سیاسییەکان ( دان و ستاندنە) ، بەڵام گفتوگۆی لەمجۆرەی ئەمڕۆ ئێمەی کۆکردۆتەوە هەوڵێکە بۆ لێکتێگەیشتن و دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکە بەشداربوان ، ئەم هەنگاوەی بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانیان بە دەستپێشخەرییەکی گرنگ لە قەلەمداو،ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم پلاتفۆرمە کراوەیە کە ئەمڕۆ ئازادانە قسەی تێدا دەکەین ، ئۆرگانێکی سەرەکی مەکتەبی سیاسی پارتێکی گەورەو دێرینی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمە بە گۆرانکارییەکی گرنگ لەقەڵەم دەدرێت.
جێگەی ئاماژە پێکردنە، پووختەی ئەم گفتوگۆیە لە رۆژی ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لەسەر لاپەڕەکانی گۆڤاری گوڵان بڵاودەکرێتەوە.