سەرژمێری دەرفەتێکە کورد ژمارەی ڕاستەقینەی خۆی لە عێراق بزانێت

لە عێراقی بێ هەرێمی کوردستان دوای بیست و حەوت ساڵ و بە هەرێمی کوردستانیشەوە دوای سی و حەوت ساڵ بۆ یەکەم جار بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا بکرێت، دوێنێ چوارشەممە لە گەڕەکێکی هەولێر بە مەبەستی تاقیکردنەوە و ئەزموونکردنی سیستمەکە، پڕۆسەی سەرژمێری بەڕێوە چوو.

سەرژمێرییەکە لە گەڕەکی ئیبن مستۆفی بە ئامادەبوونی نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هەولێر و سیروان محه‌ممه‌د سه‌رۆكی ده‌سته‌ ئاماری هه‌رێمی كوردستان و دکتۆر دڵزار حه‌مه‌ ساڵح به‌رێوه‌به‌ری ئاماری هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی پێوه‌ندیدار، دەست بە یەکەم هەنگاوی ئەزموونی سەرژمێرییەکە کرا.
پڕۆسەکە لە پارێزگاکانی تری عێراقیش بە شێوەی تاقیکردنەوە لەو گەڕەکانەی پێشتر دیاری کراون دەستی پێ کرد و کۆمەڵێک فەرمانبەری ڕاهێنراو ئەو پڕۆسەیە بەڕێوە دەبەن.
سیروان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن گوتی كۆتا سەرژمێری کە بەگشتی لە هەموو عێراق کرابێت بۆ ساڵی ١٩٨٧ دەگەڕێتەوە و لە سەردەمی عێراقی فیدراڵدا چەند جارێك بە هۆكاری سیاسی ئەم سەرژمێرییە دوا خراوە، بەڵام سەرەنجام هەموو لایەنەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، كۆكن لەسەر ئەنجامدانی ئەم سەرژمێرییەی كە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ بکرێت.
ئەو ڕوونی کردەوە بودجەی پێویستیان لە بەردەستدایە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا، پشكی هەرێمی كوردستانیش لەو بودجەیەی كە بۆ سەرژمێریی دانیشتووان تەرخان كراوە، لەبەردەستە.
لە پڕۆسەی سەرژمێری سەرەتا گەمارۆسازی دەكرێت بۆ بلۆكی دەستنیشانكراو، پاشان یەكەكانی نیشتەجێبوون و شێوازی نەخشەی پێكهاتەیی لەناو ئامارەكەدا دەستنیشان دەکرێن، كەسەكان بەپێی ڕەگەز و تەمەن و ئاستی خوێندەواری و جۆری نەخۆشی تۆمار دەکرێن و ئەندامێتییان لە چوارچێوەی خێزانەكەدا و پاشانیش ئاین و نەتەوەكەیان دیاری دەكرێت و بە گشتی نزیک سەد پرسیار لە خەڵک دەکرێن و بە شێوەیەکی ئۆنلاین بە سیستمی بایۆمەتری تۆمار دەکرێن.
بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە چل و چوار ملیۆن و دووسەد و چل و نۆ هەزار كەس. دەبوایە هەموو دە ساڵ جارێک سەرژمێریی گشتی لە تەواوی عێراقدا بکرێت، بەڵام ناكۆكییە سیاسییەكان ڕێگر بوون.
لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیی عێراقدا چوار جار سەرژمێری گشتی کراوە کە لە ساڵانی ١٩٢٧، ١٩٣٤، ١٩٤٧ و ١٩٥٧ بووە. لە سەردەمی بەعسیشدا چوار جار سەرژمێری کراوە کە لە ساڵانی ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧ و ١٩٩٧دا بووە.
خراپترین سەرژمێرییەکان لە سەردەمی بەعسدا بەڕێوەچوون و تا ئەم ساتەش حکوومەتی عێراق کار بە سەرژمێریی ١٩٥٧ی عێراق دەکات کە شەست و حەوت ساڵ بەسەریدا تێدەپەڕێت.
لە پێوەندی لەگەڵ کورد سەرجەم سەرژمێرییەکان سیاسەتێکی لە پشت بووە کە ویستوویەتی لە قەبارەی دانیشتووانی کورد کەم بکاتەوە و سەرژمێریی ئەمساڵ دەکرێ بکرێتە یەکەم دەرفەت بۆ ئەوەی کورد بە تەواوی بزانێت ژمارەی دانیشتووانی لە تەواوی عێراقدا چەندە، چ ڕێژەیەکی لە سنووری هەرێمی کوردستان دەژین و چ رێژەیەکی کەوتوونەتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
سەرژمێرییەکە بۆ پرسی پشکی کورد لە بودجەی عێراق و زۆر بواری تر سوودی هەیە و وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتووانی کوردستانی کەمتر لە ژمارەی ڕاستەقینە خەمڵاندووە و کاتێک بسەلمێنرێت کە ژمارەکە زیاترە ئەوا کاریگەری بۆ سەر بەرزکردنەوەی پشکی بودجە و شایستە داراییەکانی کوردستان دەبێت.

ھەواڵی زیاتر