20 کیلۆ ماددەی هۆشبەر و دوو گەورە بازرگان دەستگیر كران

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ـی ئایاری 2024، بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە چالاکیەکدا لە شاری هەولێر دوو گەورە بازرگان دەستگیر دەکەن، کە بە شێوەی نهێنی لە رێگەی بارهەڵگرەوە 20 کیلۆ ماددەی هۆشبەریان هێناوەتە شاری هەولێر.

بازرگانەکان هەوڵیان داوە 20 کیلۆ ماددە هۆشبەرەکە لە ناو شاری هەولێر بڵاو بکەنەوە، بەڵام پیلانەکەیان لەلایەن بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە پوچەڵ کراوەتەوە و ئێستا هەردوو بارزگانەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رووبەرووی یاسا کراونەتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان چڕ کردووەتەوە، رۆژی (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، دامەزراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 393 کەسیان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان و 598 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کردووە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 1645 کیلۆگرام حەب و ماددەی هۆشبەر و 2184 شیت حەبی هۆشبەر داگرتووە

ھەواڵی زیاتر